ژنۆلۆژی بە هزری ژن گەشە دەکات

لە تورکییەوە: نەجیبە قەرەداغی

ژنۆلۆژی ئامانجێتی مێژووی شاراوەی کۆیلایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و دینامیزمێکی ئازادی ژن و بەرخودانەکانیان ئاشکرا بکات. پێمانوایە ئەگەری شۆڕشی ژن لە ئاستێكدایە کاریگەری لەسەر هەموو بزووتنەوەکانی ژنانی جیهاندا دادەنێت. بۆ ئەمەش دەروازەیەکی ژنۆلۆژیمان کردەوە  و دەستمان پێکرد، دەکرێ بڵێین هەنگاوی یەکەممان ناوە. ژنانی کورد بەگوڕەوە گفتوگۆ لەسەر ژنۆلۆژی دەکەن. ژنۆلۆژی لە فراوانترین واتایدا ”زانستی ژن”ە، لە تیۆرییەکانی هزرمەندی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە لەسەر پرسی ئازادی پەرەدەسەنێت.  دانوستانەکان زیاتر لە تێکۆشانی ئازادی ژندا جێی خۆی دەگرێت. ژنان لە زۆر وڵاتی جیهان بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد کار لەسەر بونیادنان و پەرەسەندنی زانستی ژن دەکەن، لە گفتوگۆکاندا  پێشنیار، زیادکردن، مشتومڕ و بۆچوونەکانیان دەخەنەڕوو.

زۆزان سیما ئەندامی ئاکادیمیای ژنۆلۆژی  لەبارەی زانستی ژن، بۆ ئەوانەی پەرۆشی زانین و مەعریفەن، لەسەر واتا، ناوەڕۆک، بوارەکان و پرۆژە کورتخایەن، مامناوەند و درێژخایەنەکانیان وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە.

پرسیار/ ژنۆلۆژی وەک زانستی ژن دەناسرێت، لە چ قۆناغێکی گەشەسەندندایە؟

زۆزان سیما: کاتێک لەو پێشهات و هێرشانە بڕوانین کە ڕووبەڕووی ژنۆلۆژی دەبێتەوە، دەکرێ بڵێین تێکۆشانی ئازادی ژن کارەکتەری پێشكەوتنەکانی ئەم سەدەیە دەست نیشان دەکات. بۆ ئەوەش هەر کرانەوەیەک چ تیۆری یان چالاکی و کردەیی بێ، هەر زوو کاریگەری خۆی نیشان دەدات. بزووتنەوەی ئازادیی ژنی کورد هەموو ئەو شتانەی گوتووە کە دەبوو بگوترێن، بۆیە تێگەیەک کە بەرهەمی دێنێت لە ڕووی هزرییەوە دەبێتە مایەی مشتومڕ و گفتوگۆی فراوان. لە چیاکانی کوردستانەوە تا ئەمریکای لاتین، لە ڕۆژاڤاوە تا شارە گەورەکانی تورکیا و باکوری کوردستان، تا ئەوروپا بەفراوانی گفتوگۆ لەسەر ژنۆلۆژی دەکرێت و دەنگدانەوەی هەبووە.

ژنۆلۆژی تا ئێستاش لە قۆناغی پێناسەکردن و ناساندندایە. بەڵام بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان بە قۆناغی سوپابوونی، پارتبوونی ژن و دامەزراندنی چەتری کۆنفیدراڵی ژن هەم لە ڕووی تیۆری و هزری، هەم لە ڕووی دەزگابوونەوە قۆناغێکی بڕیوە. ئیتر ئامانجی خوڵقاندنی هەنگاوێکی نوێیە. ژنۆلۆژی بەو هەنگاوە ئەزموونە کەڵەکەبووەکانی لەگەڵ کۆمەڵگە و ژنانی جیهان دەخاتە گفتوگۆ و مشتومڕەوە و کۆی بۆچوونەکان هەڵدەسەنگێنێت.

جیهان تەنیا لە بەرەکانی شەڕدا ژنانی کوردی بینی و لەبارەیەوە بیست، بەڵام بەپێی پێویست لە بواری ئاکادیمی و تیۆریدا  لێکۆڵینەوەی لەو هزر و کردەیە نەکردووە، کە ژنانی هێنایە ئەو ئاستە. ئەو لێکۆڵینەوانەی کراون بەهۆی کاریگەری دیدی ئۆرێنتالیست و پۆزەتیڤیستەوە یاخود بەهۆی پێشداوەرییەوە، لە ئاستێکدا نییە کە شایان بەو ئەزموونانە بێت. هەروەک چۆن فێمێنیزم هزرێکە هەنگاوێکی سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسا و تێکۆشان لەپێناوی ماف لە بەریتانیا و ئەمەریکایە. بە هەمان شێوە ژنۆلۆژیش هەڵگری تێگەیەکی نوێی کۆمەڵناسییە، لە ئەنجامی تێکۆشانی دەیان ساڵەی ژنانی کوردەوە بەرهەم هاتووە. بۆیە پشت بە ئەزموونی تێكۆشانی ژنان، میراسی دەوڵەمەندی بەرخودانی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دەبەستێت. هەروەها ژنۆلۆژی ئامانجی ئاشکراکردنی مێژووی کۆیلایەتییە، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا شاراوەیە، نیشاندانی هێزی بزووێنەری بەرخودان و تێكۆشانی ئازادی ژنانە. لەو باوەڕەشداین کە شیمانەی شۆڕشی ژن لە ئاستێكدایە کاریگەری لەسەر هەموو بزووتنەوەکانی ژنان لە جیهاندا دابنێت. بۆ ئەوەش دەروازەیەکی ژنۆلۆژیمان کردەوە و دەستمان پێکرد، دەکرێ بڵێین هەنگاوی یەکەممان ناوە.

پرسیار/ ئەگەر زانین و مەعریفە یەکەمین بەرهەمی هەبوونی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەبوونە، کەواتە ژنۆلۆژی بنەما مەعریفییەکانی چین، بۆ خۆبونیادنان و درێژەپێدان و پەرەسەندنی پشت بە کام ڕاستی دەبەستێت؟

زۆزان سیما: زانست و زانیاری لە پەیوەندی بە ژیان و مرۆڤەوە خاوەن ئیتمۆلۆژییەکی مێینەیە. نزیکەی لە هەموو زانستەکاندا کارەکتەرێکی مێینەیی هەیە. لە کوردیدا وشەی زایین، ئەو وشانە پێک دێنێت کە پەیوەندی بە ژیانەوە هەیە.  بۆ نموونە وشەکانی زانست، زانیار، زانین سەرچاوەکانیان وشەی ”زا”–زایینە. لە کاتێکدا هەبوونی ژن لە ڕووی مێژووییەوە پەیوەندی بە ژیان و ئازادییەوە هەیە، هەرچی ئێستایە ژن کراوەتە ناسنامەی ”مردن، سێکس و کۆیلایەتی”. دەبێ ئەو ناسنامەیە وەک قۆناغی سەرەتایی وەرچەرخێنینە چوارچێوەی ناسنامەیەک کە کوردییەکەی کراوەتە دروشمی ”ژن، ژیان، ئازادی”. ژنۆلۆژی ئەو هۆشیارییە فەراهەم دەکات و دەبێتە بوارێكی زانست کە ئامانجێتی شێوە بە هەبوونی ژن بدات. کاتێک ئەوە پێک دێنێت نەک تەنیا بۆ ژنە، بەڵکو  بۆ پیاویشە، هەروەک پەیوەندییەکانی ژن-پیاو. هەروەها بۆ ئەو بەهایانەی کە لە دەوری ئەو پەیوەندییانە گۆڕانکاری و وەرچەرخانی تێدا دەکرێت، وەک بوارەکانی سیاسەت، ئابووری، دیمۆگرافی (دانیشتوانناسی)، ئێتیک-ئێستێتیک.

واتە ژنۆلۆژی نیگاکانی وەدەگێرێت بۆ سروشتی ئەو ژنەی، کە ژیانی بە دەوری خۆیدا خوڵقاند. ژیان، ئابووری، ئێتیک –ئێستێتیک و دیموکراسییە، لە چوارچێوەی سروشتی ژندا گەشە بکات. تەنیا بۆ ژنان نا، بەڵکو بۆ هەموو کۆمەڵگە پێویستییەکە. ژنۆلۆژی خاوەن ئەو دەرفەتەیە کە لەو خاڵەوە گەشە بکات. ئەو واتا جەوهەرییە تەنیا هەڵوێستێک نییە، هزر و پارادایمی عەبدوڵا ئۆجالان، پارادایمی ژنە. لە ئیکۆلۆژییەوە بگرە هەتا ئابووری، لە سیاسەتەوە تا فەلسەفە. لە هەموو بوارێکەوە ئەگەر لە ڕووی بیۆلۆژیەوە پیاویش بێت، ئەگەر بەپێی سروشتی ژن هزر و کردەی ئەنجام بدات، دەکرێت مامەڵەی لەگەڵ بکەین.

لە بەرانبەر ئەو زانستگەراییەی لەلایەن پیاوسالاری دەسەڵاتدارەوە لە بینا بەرزەکاندا قەتیسکراوە، ئامانجی ژنۆلۆژییە بە دیدی ژن هێزی واتا لە پەیوەندی زانست بە کۆمەڵگە، ژیان و سروشتەوە بەدەستبێنێت.  هەروەها ڕێهەڤاڵی ئازادیمان عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێ: واتا بە شیمانەی هەقیقەت و زانست بە شرۆڤەی واتا بگات، ئەو کاتە دەتوانین بڵێین گەیشتنە مەعریفەی هەقیقەت لە ڕێگەی ژنۆلۆژییەوە پێویستە و لە کارە یەکەمەکانە.

پرسیار/ ئێوە لە ژنۆلۆژی ئاماژە بەوە دەکەن، زانستە کۆمەڵایەتییە باوەکان لەسەر نکوڵیکردنی ژن و ناوەندکردنی پیاو سەریهەڵداوە. ژنۆلۆژی بەپێچەوانەوە زانستێکە ژن دەکاتە ناوەند، ئەمە چۆن دەبێت و چی لەخۆدەگرێت؟

زۆزان سیما: ژنۆلۆژی ڕێبازێکی لێکۆڵینەوەیە، ناسنامەی ژن دەکاتە ناوەند کە گوزارشت لە ژیان و پیاویش بکات. ناوەندبوونی ژن وەک هاوتەریبی لەگەڵ ناوەندبوونی ژیان دادەنێین. پێناسەیەکی تری ژنۆلۆژی ئەوەیە: زانستی هاوژیانی ئازادە. بۆ ئەوەش ئەو گفتوگۆیەی ژنۆلۆژی دەستی پێکردووە، گوزارشتە لە سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەی بوارە فەلسەفی، ئابووری، کولتووری و مێژووییەکانی پەیوندی نێوان ژن و پیاو. پەرەسەندنی بوارێکی زانستی کۆمەڵایەتییە، نەک تەنیا بە ناوەندکردنی ژن بەڵکو بە دیدی ژن گۆڕانکاری و وەرچەرخان لە پیاوێتیدا دەخاتە بەرنامەی خۆیەوە.

لە پەیوەندی نێوان ژن-پیاودا لەو باوەڕەداین دەبێ هەموو زانستەکان خزمەت بە هاوژیانی ئازاد بکەن. لەبەرئەوەی هاوسەرێتی سەردەمێکی درێژە لە خزمەت ئابووری، دەوڵەت، سیاسەت، فەلسەفە و ئایینەکاندا بووە، ڕۆڵی باڵادەستی لە هەموو بوارەکانی ژیانماندا بینیوە و ڕەوایەتی پێداوە. ڕاستی ئەوەی دەیکەین تاقیکردنەوەی ڕێبازێکی پێچەوانەیە. لە جێی ئەوەی بەپێی تێگەی سیاسەتی باو داکۆکی لە مافەکانی ژن بکرێت، پەرە بە تیۆری سیاسەتێک دەدەین کە یەکسانی نێوان ژن و پیاو فەراهەم بکات. بەو تیۆریی سیاسی و کردەیە، زەمینەی سیاسەتی دیموکراتییانە دەڕەخسێنێت. هەڵسەنگاندنی دۆخی ژن لە زانستی ئابووری زیاترە، ئەمەش بە تیۆریی ئابوورییەک لەسەر بنەمای ڕەنجی ژن،  تێگەی ئابووری لەسەر بنەمای یەکسانی ژن و پیاو دادەڕێژێت و بە دەزگایی دەکات. بەو پێیە زەمینەی ئابووری کۆمیناڵ (هەرەوەزی) فەراهەم دەبێت.

ژن لە مێژوودا لە ڕووی ئابوورییەوە پەراوێزکراوە، بۆیە دەستنیشانکردنی ڕێباز و کەرەستەکانی بەلاڕێدابردنی ئابووری لە ڕاستینەی خۆی و داگیرکردنی ڕەنجی کرێکاران و ڕەنجدەراندا دەبینین. کاریگەری ڕەنجی ژن لە پێشخستنی تیۆریی ڕەنج-بەهادا یان ئەو زانیارییانەی ژن وەک یەکەم و دوا داگیرکراو دەبینێ، تەنیا شتێک نییە لەسەر ژن بێت، بەڵکو هەڵوێستێکە زیاتر لە ئازادیی ژن لە ئابووریدا یان بینینی ڕەنجی ژنان لە ئابووریدا، لەوە زیاتر ڕێ لەسەر وەرچەرخانێکی ڕیشەیی لەو بوارە زانستییانەدا دەکاتەوە.  لە چوارچێوەی ژنۆلۆژیدا دەکرێت بە هەمان شێوە پەرە بە بوارەکانی تریش بدەین. لە دیمۆگرافیاوە بۆ پەروەردە، لە ئێتیک-ئێستێتیک بگرە تا تەندروستی لە ڕووی چۆنایەتی دەتوانێ بەو ڕێبازە وەرچەرخانی شۆڕشگێڕانە بکات، هەروەها لە ڕووی کردەییەوە کاری لەسەر دەکەین. بۆیە لە ژنۆلۆژی بەفراوانییەوە مامەڵە لەگەڵ هەر بوارێک دەکەین کە پەیوەندی بە ژن و ژیانەوە هەبێت.

سێ ئەرک و کاروباری دەزگایی هەیە، کە ژنۆلۆژی و بزووتنەوەی ئازادی ژن لە فراوانکردنی و پەرەپێدانیدا بەرپرسیارە :

یەکەم/ ڕوونکردنەوەی مێژووی کۆیلەکردنی ژن لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، چۆن لەسەر ئەم خاکە پەرە بە کۆیلەکردنی ژن دراوە و ئەو بەرخودانانە چین کە بەرامبەر کۆیلایەتی کراوە.

دووەم/ ژنۆلۆژی لەسەر بنەمای مێژووی بەرخۆدانی ژن پەرە بە دووەمین شۆڕشی ژن  و ڕێباز و کەرەستەکانی بدات. هەڵبەتە بۆ ئەمەش ئەزموونی بزووتنەوەی ئازادیی ژنی کورد، لەگەڵ میرات و ئەزموونی فێمنیستەکان و بزووتنەوەکانی ڕزگاری ژنان ڕێنیشاندەر دەبن.

سێیەم/ ژنۆلۆژی لەسەر بنەمای ئەم شۆڕشە، کۆمەڵگە و فەراهەمکردنی زەمینە بۆ جێبەجێکردنی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی ژن پێش دەخات.

پرسیار/ لە دەستبردن بۆ پرسە کۆمەڵایەتییەکان، ژنۆلۆژی ڕیزبەندی بۆ کارە یەکەمینەکان چییە؟

زۆزان سیما/ هەڵوێستی پۆزەتیڤیست وای کردووە، کە هەر شتێک پارچەبکرێت و دابەش بکرێت بەسەر سەرەکی و لاوەکیدا. ژنۆلۆژی لە لێکۆڵینەوەکانیدا ئامانجێتی پەرە بە ڕێبازێکی لێکۆڵینەوە بدات، کە یەکێتیی هەقیقەت بە بنەما دەگرێت. ژنۆلۆژی هەڵوەستە لەسەر ئەو بابەتانە دەکات کە وەڵامی پێویست بە پرسەکانی ژنان دەداتەوە. ئەو بابەتانەی ژنۆلۆژی لە ئەوروپا و تورکیا-باکوری کوردستان باسی دەکات، دەکرێت جیاواز بێ لەگەڵ ئەوانەی ئەمەریکای لاتین. ئەو بابەتانەی لە ڕۆژاڤا یان باشور لەگەڵ ئەوەی کە لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا گفتوگۆی لەسەر دەکات جیاوازی هەیە. وەک ئۆجەلان ئاماژەی پێکردووە واتای هاوژیانی لە پەیوەندی ژن-پیاو لە ڕاستیدا هەموو بابەتەکانی تر دەگرێتەوە.  لە هەندێ جێگە فەلسەفە زەق دەکرێتەوە، لە هەندێ جێگە قورسایی دەخرێتە سەر گفتوگۆکردن لەسەر مەسەلە ئابوورییەکان. ئێمە ئەو گفتوگۆیانە وەک دەوڵەمەندی و فرەڕەنگی لێک دەدەینەوە. ناڵێین یەکەمێتی بەڵکو نەخشەڕێیەک دادەڕێژین، ئەو نەخشەڕێیەش لە ڕووی جوگرافی و کۆمەڵایەتییەوە فرەڕەنگییەک لەخۆدەگرێت.

پرسیار/ کێشەی توندوتیژی و هەراسانکردنی سێکسی لە بەرانبەر ژنان کێشەیەکی جیهانییە. ژنۆلۆژی لەسەر ئەو بابەتە  چییە و هەڵوێستی لەسەر خۆپاراستن چییە؟

زۆزان سیما: ژنۆلۆژی زانستێک نییە ڕەچەتەی چارەسەری بۆ هەموو کێشەیەک هەبێت. لەسەر بەرگری لەخۆکردن یان خۆپاراستن بزووتنەوەی ئازادیی ژنی کورد ئەزموونێکی دەوڵەمەندی هەیە. هەم دید و ڕێنمایی فراوانی لەسەر خۆپاراستن و هەم ئەزموونی دەیان ساڵەی لە سوپابوونی ژن هەیە. سوپای ژن پێکهاتەیەکی ڕووکەشانە نییە. هەندێ هێز و کەسیش هەیە کاتێ کاریگەری یەپەژە دەبینن، دەچن وێنە لەگەڵ ئەو کچە گەنجانە دەگرن، کە چەکیان بەدەستەوەیە و دەیکەنە کەرەستەیەکی میدیایی. لەگەڵ ئەوەی زۆر زانیاری تر هەیە دەکرێت بە دەستی بێنن لەسەر هزر، ڕێکخستن، بەهاکانی ئێتیک-ئێستێتیک و بەئیرادەبوونی ژن لە مەیدانی شەڕدا. بەڵام تا ئێستا لەو بارەیەوە کاری پێویست نەکراوە بۆ نیشاندانی ئەو کاریگەرییە هەمەلایەنە.

ئەو ئەزموونە خۆپاراستنانەی ژن بەدەستی هێناوە، تەنیا فێربوونی بەکارهێنانی چەک یان پاراستنی خۆی، وڵاتەکەی و بەهاکانی نییە، بەڵکو لەو وانانەی کە وەریدەگرن لە سیاسەتەوە تا ئابووری، لە گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندییەکانی ژن-پیاو و زۆر بواری دیکە، کە کاریگەری وەرچەرخێنەرانەی لە کەسایەتیدا هەیە. بەسوپابوونی ژن و گوڕی بە پرۆسەی بە بەپارتبوونی بزووتنەوەی ئازادیی ژنی کورد و ڕێکخستنی کۆنفیدراڵییانەی ڕێکخراوەکانی ژنان، دەرفەتی نوێنەرایەتی یەکسان لە هەموو دەزگاکاندا. بۆیە پێمان وایە پێویست بە زەمینەیەکە کە میتۆد، ئاکادیمیا و ڕێکخستنەکانی خۆپاراستنی ژنان لە هەموو بوارێکەوە پێشبخات. توندوتیژی و هەراسانکردنی سێکسی ئەنجامە. بێگومان دەبێ ڕێکخستنکردن و ڕێ و شوێن بەرامبەر ئەو ئەنجامە  بگیرێتەبەر. ژنان ناچارن بە ڕێبازی دەوڵەمەند پەرە بە خۆپاراستن و ڕێکخستنبوونیان بدەن، ئاسایشی ژن لە ڕۆژاڤا، ماڵی ژنان و دەزگاکانی ژنان وەک ئەزموونێک پەرەدەسەنێت و دەبنە خاوەن ئەزموونی کارکردن. پێمان وایە ئەو کارانە گرنگن و ڕێگرن لە توندوتیژی. بەڵام کاتێ پەیوەندی توندوتیژی بە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، ڕۆڵەکانی ژنێتی-پیاوێتی نەبینرێت، ئەوە لە تێگەی پاراستن و سزادان بەپێی یاساکانی دەوڵەت تێپەڕ ناکات. هۆکاری سەرەکی توندوتیژی لە چۆنێتی پەیوەندییەکانی ژن-پیاودا شاراوەیە.

لەسەر هاوسەرگیری مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی قسەیەکی هەیە دەڵێ: ”ئەگەر دوو چۆلەکە بەیەکەوە ببەستنەوە، دەکرێ چوار باڵیان هەبێ، بەڵام هەردووکیشیان ناتوانن بفڕن”. ئەو دوو چۆلەکەیەیەی ناتوانن بفڕن، ڕادەوەستن و یەکتر دەڕوشێنن، دەکەونە حاڵێکەوە بەرپرسیارێتی نەفڕینیشیان دەخەنە ئەستۆی یەک. ئۆجەلان ئەوەی بە ”کەوتنە قەفەسی شێر” دەچوێنێ. دەسەڵاتدارێتی پیاوسالار وەک تەڵەیەک هەر پیاوێکی کردووە بەو شێرە برسییە. دەسەڵاتدارێتی ئەو پڵنگە فرێدراوەی نێو قەفەسی شێری هارکراوی برسی، یان بەدەستی خۆی پارچە دەکات، یان وەک ئەوی لێدێت یان ماڵی دەکات و لەگەڵیدا ڕایدێنێ. لە ئەنجامدا شێوازی پەیوەندییەکە پیاو دەکاتە کوژەر و ژنیش کوژراو. لەبەرئەوە ئەو پەیوەندییە پێویستی بە گۆڕانکارییە. ئەو گۆڕانکارییەش بە زیادکردنی ڕەگەزەکان پێکنایەت، ئەو ڕێبازە تاقیکراوەتەوە بەڵام شێوەی پەیوەندییەکانی ژنێتی و پیاوێتی بەرهەم دێنێتەوە. لەوانەیە شێوە بگۆڕێت بەڵام ناوەڕۆک و چۆنێتی پەیوەندییەکان ناگۆڕێن. پێویست بە گۆڕانکاری چۆنێتی لە پەیوەندییەکانی ژن و پیاودا هەیە. دەبێ پەیوەندییەکانی ژن و پیاو لە بواری زایەندییەوە بگۆڕێت بۆ بواری سیاسی و فەلسەفی. هاوژیانی ئازاد گوزارشتە لەو گۆڕانکارییە. لەو باوەڕەداین پراکتیکردنی نەتەوەی دیموکراتی، باشترین میکانیزمی خۆپاراستن دەبێت لە بەرانبەر توندوتیژی و هەراسانکردنی سێکسی.

پرسیار/ ژنۆلۆژی وەک پڕۆژە لە ساڵی ٢٠١٠ەوە بووە بە بەرنامە و پلان، لەوکاتەوە لە ڕووی کردەیی و دەزگابوونەوە چ مەودایەکی بڕیوە؟

زۆزان سیما: تا ئێستا بەپێی پێویست پەرە بە ژنۆلۆژی و دەزگابوونی نەدراوە. هەڵبەتە ئەوەش پاساوی خۆی هەیە. بەڵام ژنۆلۆژی بەخێرایی لە هەموو دەڤەرەکان بووە بە بەرنامە و  بە ڕەنگی خۆیەوە ناسرا، بەپێی توانا و لەو جێیەی پێویستە هەوڵی بە دەزگابوون و ڕێکخستنی دراوە. بەپێی پلانسازی  و ڕێکخستن کاروبار بەڕێوەبراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا خۆڕسکانەش پەرەدەسەنێت و ئاڕاستەی خۆی دەگرێت. ئەوەش وەک پێشکەوتنێکی گرنگ دەبینین، تا ئێستا هەموو کاروبارەکانی ژنۆلۆژی بە دەستپێشخەری هەرێمی بەڕێوەچووە، هەندێ جار کاروباری هاوبەش هەیە بەڵام دەستپێشخەری هەرێمی زیاترە. لە ڕێی میدیاوە چاودێری هەندێ پێشکەوتنمان کرد و ئەوەش ئاسۆی ئێمە ڕووناک دەکاتەوە. هەندێ لە کارەکانی ژنۆلۆژی بریتییە لە کۆنفرانسەکان، گفتوگۆکان، گۆڤار و ماڵپەر و وتار، نووسینی کتێب، ئاکادیمیا، وانەی ژنۆلۆژی لە زانکۆکان، جێگیرکردنی وانەی ژنۆلۆژی لە پەیڕەوی خوێندنی ئامادەیی. هەروەها هەندێ لێکۆڵینەوەی سۆسیۆلۆژیش دەستی پێکردووە.

پرسیار/ کاتێک باس دێتە سەر ژنۆلۆژی وەک لقێکی نوێی زانست، بەتایبەتی زانستی ژنان و کۆمەڵگە بە گشتی، چ کاریگەرییەکی هەیە؛ بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان کاردانەوەیان چییە؟

زۆزان سیما: دەبێ بڵێم ژنۆلۆژی زانستێکی نوێ نییە، بەڵکو تێگەیەکی نوێیە لە زانستە کۆمەڵاتییەکان، کە ئامانجێتی بە دیدی ژن  شۆڕش لە زانستی کۆمەڵناسیدا بکات. بۆ نموونە زۆر جار پرسیارکراوە ژنۆلۆژی چۆن لە پەروەردە دەڕوانێت؟ چۆن بیر لە ئابووری دەکاتەوە؟ چۆن باس لە تیۆری سیاسەت و زانستە سروشتییەکان دەکات؟  دیارە لە هەموو زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا پێویستی بە ڕاستکردنەوەی دید و مێنتاڵێتی پیاوسالارییە. پێمان وایە ژنۆلۆژی دەتوانێ ڕۆڵی کاریگەر ببێنێ لە پێشخستنی بواری سۆسیۆلۆژیای ئازادی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا. تا ئێستا بەگشتی کاردانەوە و هەڵوێستی ئەرێنی هەبووە، بەتایبەتی ژنانی ئەمەریکای لاتین و ڕۆژهەڵاتی ناوین چاوەڕوانییەکان و هەڵوێستیان زیاتر ئەرێنی بووە. لەبەرئەوەی لەو شوێنانە ژنان لە تێکۆشانی ئازادیدا، وەڵامیان لە لێگەڕین و ڕێنماییەکانی فێمینیستدا نەبینیوەتەوە. بەڵام لە ژنۆلۆژیدا بابەتەکانی وەک کۆمەڵایەتیبوون، وەرچەرخانی پیاوێتی، شۆڕشی ژن، ئاین، کولتوور و …هتد سەرنجیان ڕادەکێشێت. بەشێكی تر لە ژنان زانست لە دەستڕۆی و بژاری دەسەڵاتدا دەبینن و دەڵێن پێویست بە زانستی ژن نییە،  لەجێی زانستی ژن دەکرێت بە تێگەیەکی جیاواز گوزارشتی لێ بکرێت. هەندێکی تریش وا بیر دەکەنەوە ئەو بابەتانەی لە چوارچێوەی ژنۆلۆژیدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و ڕەخنەی لێدەگیرێت دەکرێت لە فێمینیزمدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت، ژنۆلۆژی وەک ”فێمێنیزمی کورد” دەبینن. یاخود دەڵێن؛ ئەو بابەتانە دەکرێت لە ڕەوتی فێمینیستی پۆست-کۆلۆنیالدا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. تەنانەت هەندێکیان دەڵێن؛ دەکرێت ژنۆلۆژی وەک مەسەلەی ئێتیکی نوێ لە فێمێنیزمدا گوزارشتی لێ بکرێت. هەندێکیش هەن بە پێویستی دەبینن گفتوگۆکانی ژنۆلۆژی ببەستنەوە بە پێوەری نوێی ئێتیکی فێمێنیست. نەک تەنیا بزووتنەوەکانی ژنان، بەڵکو چاوەڕوانییەکی زۆر هەیە کە لێکۆڵینەوە لەسەر پیاو بکرێت. هەر کە ژنۆلۆژی پەرەدەسەنێت، زەمینەی گەیشتنمان بە دەوروبەرێكی فراوان فەراهەم دەبێت، بەدڵنیاییەوە ڕەخنە و سەرنجەکان دەبنە ڕێنیشاندەرێک بۆ کارەکانمان.

پرسیار/ چ پڕۆژەیەکتان لە مەودای کورت، ناوین و درێژخایەندا هەیە؟

زۆزان سیما: تا ئێستا زیاتر کار و پەروەردەکانمان لەسەر ناساندنی ژنۆلۆژی بووە، وەک گروپی کار، کۆنفرانس، کۆبوونەوە، سیمینار و خولی پەروەردە بەڕێوەبراوە. پێمان وایە ئیتر کارەکانمان گەیشتۆتە قۆناغێک، لە مەودایەکی نزیکدا بیر لەوە دەکەینەوە کە ئاکادیمیاکانی ژنۆلۆژی دامەزرێنین. ئەو ئاکادیمیایانە لە ڕووی ڕێنمایی تیۆری و کردەییەوە لە پەیوەندییەکی توندوتۆڵدا دەبێت، دەبێتە پراکتیکردنی ژنۆلۆژی. بەمەش ئەزموونی بزووتنەوەی ئازادیی ژن هەڵدەسەنگێنرێت و جێگە بە هەموو کاروبارێک دەدات، کە ژنان تێیدا چالاکبن و خۆبەڕێکخستن بکەن. لە ئاکادیمیاکاندا لە تەندروستییەوە تا ئابووری، لە وێژەوە تا فەلسەفە لە  دیمۆگرافیاوە تا سیاسەت لە ئیکۆلۆژییەوە تا زۆر بواری تر، بەهەند وەردەگیرێت. ئەمەش زەمینەی وەرچەرخانیان بۆ سیاسەت، چالاکی و ڕێکخستن دەڕەخسێنێت. هەڵبەتە لەو بوارانەدا زەمینەی بە ئاکادیمیبوون، کۆکردنەوەی ئەنجامەکان و هەڵسەنگاندنیان بەتەواوی نەڕەخساوە. بەو تێزانەی لە ئاکادیمیاکانی ژنۆلۆژیدا بەرهەم دەهێنرێت، بەو پرۆژانەی کە کردەیی دەکرێت و ئەو کارانەی کە ڕێ لەسەر شۆڕشی ژن  و پێکهێنانی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی دەکاتەوە؛ ئامانجمانە زەمینەی کاری هاوبەش فەراهەم بکەین، هەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەم لە ئاستی جیهاندا.  پرۆژەمان هەیە لەسەر مێژووناسی و لێکۆڵینەوەی سیۆسیۆلۆژی لەو تێکۆشانەی تا ئێستا بەڕێوەبراوە. هەروەها پرۆژەمان هەیە لەسەر بڵاوبونەوەی ژیانی کۆمیناڵی ژنان و هەڵسەنگاندنی ئەو ئەنجامانەی کە تا ئێستا  ژنان لەو پرۆژانەوە بەدەستیان هێناوە.

 

You might also like