لە ڕۆژاڤاوە بۆ هەموو ئازادیخوازانی جیهان

ئەمڕۆ ٢٥ی کانوونی دووەمە. لەو ساتەدا فڕۆکە جەنگییەکان بەسەر سەرمانەوەن

بێریڤان و ٥ خەباتکاری دیکە لە هێرشی ئەمڕۆی سوپای تورکیا بۆ سەر چاپخانەی سیماڤ لە شاری قامیشلۆ گیانیان لەدەستدا. هەروەها ئاڵا ئەلسبعاوی لە هێرشێکی دیکەی سوپای تورکیا بۆ سەر نانەواخانەیەک گیانی لەدەستدا. بێریڤان و ئاڵا دوو ژنە گەنجی ڕۆژاڤان کە خەباتیان بۆ بنیاتنانی ژیانێکی نوێ دەکرد. جگە لە بێریڤان و ئاڵا، خەباتکارانی دیکە، ڕیاز حەمۆ، حەسێن ئەحمەد، ڕێناس حەسێن، فەرحان خەلەف و فەرحان تەمێش بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە گیانیان لەدەستدا و خەڵکێکی زۆریش بریندار بوون.

دەوڵەتی تورک لە هەر شوێنێک کە هێرش دەکاتە سەری هەوڵ دەدات زانین و یادەوەرییەکانی ئەو شوێن و مرۆڤانە لەناو ببات. کاتێ کەسێک ژیانی لەدەست دەدات: یادەوەرییەکانی چۆنیەتی پەرەسەندنی شۆڕش و چۆنیەتی بنیاتنانی ژیانێکی نوێ لە ناو دەچێت.

شوێنەکانی تریش لەلایەن تورکیاوە کرانە ئامانج: لە ناوەندی شاری عامود ناوەندێکی هەرەوەزی زەیتون هەبوو. ژنێکی خەڵکی عەفرینمان لەبیرە کە وتی: ” کاتێک لێرەم دەبم لەگەڵ زەیتونەکاندا، هەست بە نزیکی لە عەفرین دەکەم و ئەوەش دڵخۆشم دەکات“. پێویستە بزانرێت کە داری زەیتون بۆ خەڵکی عەفرین پیرۆزە و وەک سەرچاوەی ژیان سەیر دەکرێت. ئەمڕۆ دار زەیتونەکان لەلایەن چەتەکانی تورکیاوە دەبڕدرێن و دەسوتێنرێن. دانیشتوانی عەفرین دەڵێن، هەر جارێک دار زەیتونێک دەبڕن، یەکێکمان دەکوژن، لەوەتەی عەفرین داگیرکراوە، زۆرێک لە بەساڵاچووانی عەفرین لە وەرزی دروێنەکردنی زەیتوندا گیان لەدەست دەدەن، دەزانین ئەمە بەڕێکەوت نییە“.

شوێنێکی دیکە کە لەلایەن سوپای تورکیاوە بۆردومان کراوە، ماڵی کەرەمەیە لە عامود. ئەو ڕۆژەمان لەبیرە کە ڕێکخراوی ژنانی کۆنگرە ستار کۆنگرەی خۆی بۆ ئاهەنگگێڕان بە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان بەست. سەدان ژن لە هەموو تەمەنێکەوە بەشداریان لەو ئاهەنگەدا کرد. هەروەها دانیشتوانی عامود ئەو شوێنە وەک شوێنی کات بەسەربردن و کۆبوونەوەی گشتی بەکاردەهێنا.

لە نێو زۆر شوێنی دیکەشدا، تورکیا ناوەندی پاکردنەوەی خوێنی لە قامیشلۆ کردە ئامانج. یەکەم و تاکە سەنتەری چارەسەری کۆمەڵایەتی بوو لە ناوچەکەدا کە بۆ ئەو نەخۆشیانە کرایەوە کە پێویستیان بە پاککردنەوەی خوێن هەبوو.

لەوەتەی دەستمان بە نووسینی ئەم بانگەوازە کردووە، هەواڵی هێرشە نوێیەکانی سوپای تورکیا بەردەوام دێت. ئەو ژێرخانانەی کە ئێستا لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژئاوا بۆردومان دەکرێن بریتین لە نەخۆشخانە، بنکە تەندروستییەکان، هەرەوەزی و کۆگاکانی خۆراک، کارگەی قوماش، بیرە نەوتییەکان، بەنزینخانەکان، هەرەوەزی کشتوکاڵی و کۆمپانیاکانی بیناسازی.

سەرەڕای هەموو هێرشەکان، خەڵکی ڕۆژاڤا هەرگیز لەو ڕێکخستنانەی خۆیان نەوەستان کە بە پێی پرەنسیپەکانی پارادایمی دیموکراسی و ئیکۆلۆژی کە لەسەر بنەمای ئازادی ژن دایانمەزراندووە. زۆرجار ژیانیان لە وێرانەکانی شەڕەوە ئاوەدان کردووەتەوە. ئەم ناوچەیە دەیان ساڵە لەلایەن ڕژێمی ئەسەدەوە ڕەتێنراوە و پشتگوێخراوە، کارگە و هەرەوەزیان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان دامەزراند. قوتابخانە و ئەکادیمیا دامەزراون بۆ ئەوەی هەموو منداڵ و هەموو کەسێک بە زمانی دایکییان پەروەردە بکرێن. چاپخانەکان بۆ ئەوە دروست کران کە کتێبی زانستی، ڕۆمان و شیعر بە ئازادی بڵاوبکرێنەوە. نەخۆشخانەکان بۆ چارەسەری نەخۆشەکان بیناکران. شوێنی کۆبوونەوە، کولتوور و هونەر بۆ کۆمەڵگە دروستکرا. وێستگەکانی نەوت بۆ دابینکردنی پێداویستی وزە بەڕێوەدەبرا. هەموو ئەمانەش دەرئەنجامی هەوڵی بەردەوامی ئەو خەڵکەیە کە بەپێی ویستی خۆیان لە پێکهاتەکان، ئەنجومەن، هەرەوەزیی و ئەکادیمیاکاندا خۆیان ڕێکخستووە لە پێناو پاراستنی هیوای ژیان و خۆبەڕێوەبەرییان. ئەمانە دەرئەنجامە پراکتیکیەکانی ئومێدن کە نیشان دەدەن دەتوانین ژیانێکی ئازاد لە دەرەوەی دەوڵەت، سەرمایەداری و پیاوسالاری بنیات بنێین.

دەستکەوتەکانی ئەم دواییەی بزووتنەوەی ئازادی کوردستان وەک هەڕەشە بۆ سەر بوونی دەوڵەتی فاشیستی تورک دەبینرێت. ڕۆژی ١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ ، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هاوپەیمانی نوێی کۆمەڵایەتی خۆی ڕاگەیاند. لە ١٩ی کانونی یەکەمدا لایەنە کوردستانییەکان ئەنجامێکی گرنگیان بەدەستهێنا لە نوێنەرایەتیکردنی ئیرادەی گەلی کورد و ئێزدی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی کەرکوک و شەنگالدا. هەروەها گەریلاکان لەدژی هێرشە لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا لە چیاکانی باشووری کوردستان چالاکیی سەرکەوتوویان ئەنجامدا. بەڵام سوپای تورکیا جارێکی دیکە هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژاڤا پەرەپێداوە بۆ ئەوەی خەونی ئیمپراتۆریەتی نیۆعوسمانی بەدیبهێنێت. ئەوەی ڕوونە ئەم هێرشە بەشێکە لە شەڕێکی سیستماتیک کە بە ئامانجی لەناوبردنی ژیانی خەڵکی ڕۆژاڤا و هیواکانی مرۆڤایەتی بەڕێوە دەچێت. ئەم شەپۆلە نوێیەی هێرشەکان، ژێرخانی گرنگ دەکاتە ئامانج. ئەم هێرشە بە تەماحی چەندین ساڵە، بۆ لەناوبردنی سیستەمی ئاو، سووتەمەنی و تەندروستی و کارەبا، ژیانی هەموو مرۆڤەکان دەخاتە مەترسییەوە. ئەم ستراتیژە بەشێکە لە پلانە درێژخایەنەکانی داگیرکاریی ئەردۆغان هەمان ئەو ئەردۆغانە کە هێرشەکانی سەر ژێرخانی غەززە ، قوتابخانە، نەخۆشخانە و کڵێساکان بە جینۆساید ناودەبات، خۆی سیاسەتی جینۆساید دژی خەڵکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام دەدات.

ئەوە ڕاستییەکە: هەموو جیهان ڕووبەڕووی هێرشی دەوڵەتە فاشیست و سەرمایەداری و پیاوسالارەکان بووەتەوە. ئێمە داوای خەباتێکی هاوبەش دەکەین دژی پیشەسازی جەنگ کە دەیەوێت لە ڕێگەی داگیرکاری و جینۆسایدی گەلان و ژنانەوە، کۆمەڵگە و خاک دابەش بکات و حوکمڕانی بکات. خەڵکی ڕۆژاڤا/باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە خەباتی خۆیاندا پێداگرن لەسەر بنیاتنانی ژیانێکی ئازاد بۆ ئەوەش خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستداوە. داوا لە هەموو گەلان دەکەین کە پێکەوە بەرخودانی لە دژی فاشیزم، داگیرکاری و پیاوسالاری ڕێکبخەن و ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند بنیات بنێن.

ئەنستیتۆی ئەندریا وۆڵف –ی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی

ڕۆژاڤا / هەرێمەکانی ئیدارەی خۆسەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣

پەیوەندی: jineoloji-international [at] riseup.net

You might also like