ژنۆلۆژی بە ئەقڵی ژن گەشە دەکات
لە تورکیەوە : نەجیبە قەرەداغی
ژنۆلۆژی ئامانجێتی کە مێژووی شاراوەی کۆیلایەتی لە رۆژهەڵاتی ناوین و دینامیزمیکی ئازادی ژن و بەرخودانەکانیان ئاشکرا بکات. باوەڕیشیمان وایە کە پۆتانسێلی شۆرشی ژن لە ئاستێكدایە کە کاریگەری لەسەر هەموو بزوتنەوەکانی ژنانی جیهان دا بکات. بۆ ئەوەش دەروازەیەکمان بە ژنۆلۆژی کردەوە و دەستمان پێکرد و دەکرێ بلێین کە هەنگاوی یەکەممان ناوە. ژنانی کورد بە هەنگاوی گوڕ و تینئاسا گفتوگۆ لەسەر ژنۆلۆژی دەکەن. ژنۆلۆژی لە فراوانترین واتای دا ” زانستی ژن”ە و لەسەر ئاماژەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر پرسی ئازادی، پەرەدەسەنێت. ئەو گفتوگۆیە هەردەچێت زیاتر لە تێکۆشانی ئازادی ژن دا جێی خۆی دەگرێت. ژنان لە زۆر وڵاتی جیهانەوە، بە پێشەنگی ژنانی کورد کار لەسەر بونیادنان و پەرەسەندنی ” زانستی ژن” دەکەن و گوێیان بۆ هەڵخستووە، لەو جێیانەی کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت لێزیادکردن، مشتومڕ، پێشنیار و بۆچونەکانیان دەخەنە ڕوو.
ئەندامی ئاکادیمیای ژنۆلۆژی زۆزان سیما لەسەر زانستی ژن، بۆ ئەوانەی بەپەرۆشی زانین و مەعریفەن، لەسەر واتا، ناوەرۆک، بوارەکان و کاروبارە کورتخایەن، مامناوەند و درێژخایەنەکانیان وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە.
پ. ژنۆلۆژی کە وەک زانستی ژن دەناسرێت، لە چ قۆناغێکی پەرەسەندن و هاتنە ئارایدایە؟
زۆزان سیما : کاتێک کە لە پێشهات، دەستکەوت و هەم لەو هێرشانە بڕوانین کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، دەکرێ بلێین تێکۆشانی ئازادی ژن کارێکتەری پێشكەوتنەکانی ئەم سەدەیە دەست نیشان دەکات. بۆ ئەوەش هەر کرانەوەیەک چ تیۆری یان چالاکی و کردەیی بێ، هەر زوو بە زوو کاریگەری خۆی نیشان دەدات. لە لایەن بزوتنەوەی ئازادی ژنی کوردەوە وەک ئەوە وایە کە هەموو ئەو شتانەی گوتووە کە دەبوو بگوترێن. هەر بۆ ئەوەش هەر چەمکێک کە بەرهەمی دێنێت لە ڕووی هزریەوە دەبێتە مایەی مشتومڕ و گفتوگۆی فراوان. لە چیاکانی کوردستانەوە تا ئەمەریکای لاتین، لە رۆژئاڤاوە تا شارە گەورەکانی تورکیا و باکوری کوردستان، تا ئەوروپا بە فراوانی گفتوگۆ لەسەر ژنۆلۆژی دەکرێت و دەنگ دانەوەی بووە.
ژنۆلۆژی تا ئێستاش لە قۆناغی پێناسەکردن و ناساندن دایە. بەڵام بزوتنەوەی ئازادی ژنی کوردستان بە قۆناغی سوپابوونی، پارتبوونی ژن و دامەزراندنی چەتری کۆنفیدرالی ژن هەم لە ڕووی تیۆری و هزری و هەم لە رووی دەزگابونەوە قۆناغێکی بڕیوە. ئیتر ئامانجی خوڵقاندنی پێهەڵگرتنی نوێیە. ژنۆلۆژی بۆتە ناوی ئەو پێهەڵگرتنە. بەو پێهەڵگرتنە ئەزمونە کەڵکەبووەکانی لەگەڵ کۆمەڵگە و ژنانی جیهان دەخاتە گفتوگۆ و مشتومڕەوە. ژنۆلۆژی کۆی بۆچونەکان هەڵدەسەنگێنێت.
جیهان تەنیا لە بەرەکانی شەڕدا ژنانی کوردی بینی و بیست بەڵام بەپێی پێویست لە بواری ئاکادیمی و تیۆری دا لێکۆڵینەوەی لەو هزر و کردەیە نەکردووە کە کە ئەوانی هێنایە ئەو ئاستە. ژمارەیەکی کەمی ئەو لێکۆڵینەوانەی کراون و هەروەها گفتوگۆکانیش، بەهۆی کاریگەری دیدی ئۆرێنتالیست و پۆزەتیڤیستەوە و بەزۆریش بەهۆی پێشداوەریەوە، لە ئاستێکدا نیە کە شایان بەو ئەزمونانە بێت. هەر چۆن فێمینیزم هزرێکە کە پێهەڵگرتنێکی سەردەمی شۆرشی فەرەنسا و تێکۆشان لە پێناوی ماف لە بەریتانیا و ئەمەریکاوەیە، ژنۆلۆژیش هەڵگری چەمکێکی نوێی کۆمەڵناسیە لەئەنجامی تێکۆشانی دەیان ساڵەی ژنانی کوردە بەرهەمهاتووە. کاتێ ئەوە دەکات پشت بە ئەزمونەکانی تێكۆشانی ژنان، و میراسی دەوڵەمەندی بەرخودانەکانی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیان دا، دەبەستێت. ژنۆلۆژی ئامانجی ئاشکراکردنی مێژووی کۆیلایەتیە کە لەرۆژهەلاتی ناوین دا شاراوەیە و نیشاندانی هێزی بزوێنەری بەرخودان و تێكۆشانی ئازادی ژنانە. لەو باوەڕەشداین کە پۆتانسێلی شۆرشی ژن لە ئاستێكدایە کە کاریگەری لەسەر هەموو بزوتنەوەکانی ژنان لە جیهان دا بکات. بۆ ئەوەش دەروازەیەکمان بە ژنۆلۆژی کردەوە و دەستمان پێکرد و دەکرێ بلێین کە هەنگاوی یەکەممان ناوە.
پ.ئەگەر زانین و مەعریفە یەکەمین بەرهەمی هەبوونی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەبوونە کەواتە ژنۆلۆژی بنەما مەعریفیەکانی چین؟ بۆ خۆبونیادنان و درێژەپێدانی پەرەسەندنیی پشت بە کامە راستی دەبەستێت؟
زۆزان سیما : زانست و زانیاری، لە پەیوەندیی بە ژیان و مرۆڤەوە خاوەن ئەتمۆلۆژیەکی مێینەیە. نزیکەی لە هەموو زانستەکان دا کارێکتەرێکی مێینەی هەیە. لە کوردی دا وشەکانی زایین، ئەو وشانە پێک دێنێت کە پەیوەندی بە ژیانەوە هەیە. وشەکانی زانست، زانیار، زانین سەرچاوەکانیان وشەی ” زا” – زایینە. بۆ نمونە لە کاتێکدا کە هەبوونی ژن لە ڕووی مێژووییەوە پەیوەندی بە ژیان و ئازادیەوە هەیە، هەرچی ئێستایە ئەو وەرچەرخێنراوەتە ناسنامەی ” مردن، سێکس-کۆیلایەتی”. دەبێ ئەو ناسنامەیە هەر وەک قۆناغی سەرەتایی وەرچەرخێنینە چوارچێوەی ناسنامەیەک کە کوردیەکەی کراوەتە دروشمی ” ژن، ژیان، ئازادی”. ژنۆلۆژی ئەو وشیاریە فەراهەم دەکات و دەبێتە بوارێكی زانست کە بەو وشیاریە، ئامانجێتی شێوە بە هەبوونی ژن بدات. کاتێ ئەوە پێک دێنێت نەک تەنیا بۆ ژن بەڵکو پێمان وایە بۆ پیاو، پەیوەندیەکانی ژن-پیاو و هەروەها بۆ ئەو بەهایانەی کە لە دەوری ئەو پەیوەندیانە گۆرانکاری و وەرچەرخانی تێدا ئەنجام دەدرێت، وەک بوارەکانی سیاسەت، ئابوری، دیمۆگرافی(دانیشتوانناسی)، ئەتیک-ئەستاتیک.
واتە ژنۆلۆژی نیگاکانی وەدەگێرێت بۆ سروشتی ئەو ژنەی کە ژیانی بە دەوری خۆی دا خولقاند. ژیان، ئابوری، ئەتیک –ئەستاتیک و دیموکراسیەک کە لە چوارچێوەی سروشتی ژن دا گەشە بکات تەنیا بۆ ژنان نا بەڵکو بۆ هەموو کۆمەڵگە پێویستیەکە. ژنۆلۆژی خاوەن ئەو دەرفەتەیە کە لەو خاڵەوە گەشە بکات. ئەو واتا جەوهەریە تەنیا هەلوێستێک نیە، هزر و پارادایمی عەبدوڵا ئۆجالان، پارادایمی ژنە. لە ئەکۆلۆژیەوە بگرە هەتا ئابوری لە سیاسەتەوە بگرە تا فەلسەفە و لە هەموو بوارێکەوە ئەگەر لە ڕووی بیۆلۆژیشەوە پیاویش بێت، ئەگەر بەپێی سروشتی ژن هزر و کردەی ئەنجام بدات، دەکرێت مامەلەی لەگەڵ بکەین.
ژنۆلۆژی لەبەرامبەر ئەو زانستگەراییەی لەلایەن پیاوسالاری دەسەڵاتدارەوە لە بینا بەرزەکان دا قەتیسکراوە، ئامانجی بە دیدی ژن هێزی واتا بە دەست بێنێ لە پەیوەندی زانست بە کۆمەڵگە، ژیان و سروشتەوە. هەروەها ڕێهەڤاڵی ئازادیمان عەبدوڵا ئۆجالان دەڵی کە واتا بە پۆتانسێلی حەقیقەت و زانست بە شرۆڤەی واتا بگات، ئەو کاتە دەتوانین بلێین بە ژنۆلۆژی گەیشتنە مەعریفەی حەقیقەت پێویست و لە کارە یەکەمەکانە.
پ.ئاماژە بەوە دەکەن کە زانستە کۆمەڵایەتیە باوەکان لەسەر نکوڵی لە ژن و ناوەندکردنی پیاو سەریهەڵداوە. داخۆ بە پێچەوانەوە ژنۆلۆژی زانستێکە کە ژن دەکاتە ناوەند؟ چۆن دەبێت؟ چی لە خۆدەگرێت؟
زۆزان سیما : ژنۆلۆژی رێبازێکی لێکۆڵینەوەیە کە ناسنامەی ژن دەخاتە ناوەندی ناسنامەیەکەوە کە هەم گوزارە لە ژیان بکات و هەم پیاویش لە خۆوەدەگرێت. تەوەربوونی ژن وەک هاوتەریبی لەگەڵ تەوەربوونی ژیان لەقەلەم دەدەین . پێناسەیەکی تری ژنۆلۆژی ئەوەیە کە وەک زانستی هاوژیانی ئازاد پێناسەی دەکەین. بۆ ئەوەش ئەو گفتوگۆیەی بە ژنۆلۆژی دەستی پێکردووە، گوزارەیە لە سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەی بوارە فەلسەفی، ئابوری، کەلتوری و مێژووییەکانی پەیوندی نێوان ژن و پیاو. پەرەسەندنی بوارێکی زانستی کۆمەڵایەتیە، کە نەک بە ناوەندکردنی ژن بەڵکو بە دیدی ژن گۆڕانکاری و وەرچەرخان لە پیاوێتی دا دەخاتە ڕۆژەڤی خۆیەوە.
لەو باوەڕەداین دەبێ هەموو زانستەکان خزمەت بە هاوژیانی ئازاد بکەن لە پەیوەندی نێوان ژن-پیاو دا. هاوسەرێتی لەبەرئەوەی کە سەردەمێکی درێژە لە خزمەت ئابوری، دەولەت، سیاسەت، فەلسەفە و ئایینەکان دا بووە، رۆڵی لە باڵادەستی لە هەموو بوارەکانی ژیانمان دا بینیوە و ڕەوای کردووە. لە راستی ئەوەی دەیکەین تاقیکردنەوەی رێبازێکی پێچەوانەیە. لە جێی ئەوەی بە پێی چەمکی سیاسەتی باو دا داکۆکی لە مافەکانی ژن بکرێت، پەرە بە تیۆری سیاسەتێک دەدەین کە یەکسانی نێوان ژن و پیاو فەراهەم بکات. بەو تیۆری سیاسی و کردەیە، زەمینەی سیاسەتی دیموکراتیانە دەرەخسێنێت. لە هەلسەنگاندنی دۆخی ژن لە زانستی ئابوری واوەتر، بە تیۆری ئابورییەک لەسەر بنەمای رەنجی ژن، چەمکی ئابوری لەسەر بنەمای یەکسانی ژن و پیاو دادەرێژێت و بە دەزگایی دەکات. بەو پێیە زەمینەی ئابوری کۆمیناڵ فەراهەم دەبێت.
لەبەرئەوەی پەراوێزکردنی ژن لە مێژوودا لە بواری ئابوری، بۆ ڕوونکردنەوەی مێژوو، دەستنیشانکردنی رێ و رێباز و کەرەستەکانی بەلارێدانی ئابوری لەراستینەی خۆی و داگیرکردنی رەنجی کرێکاران و رەنجدەران دا دەبینین. کاریگەری رەنجی ژن لە پێشخستنی تیۆری رەنج-بەهادا یان ئەو زانیاریانەی کە ژن وەک یەکەم و دوا داگیرکراو دەبینێ، تەنیا شتێک نیە لەسەر ژن بێت، بەڵکو هەلوێستێکە واوەتر لە ئازادی ژن لە بواری ئابوری یان بینینی رەنجی ژنان لە بواری ئابوری دا، لەوە زیاتر رێ لەسەر وەرچەرخانێکی ریشەیی لە بوارە زانستیانەدا دەکاتەوە. لە چوارچێوەی ژنۆلۆژی دا دەکرێت بەهەمان شێوە پەرە بە بوارەکانی تریش بدەین. لە دیمۆگرافیاوە بۆ پەروەردە، لە ئەتیک-ئەستاتیک بگرە تا تەندروستی لە ڕووی چۆنایەتی دەتوانێ بەو رێبازە وەرچەرخانی شۆرشگێرانە ئەنجام بدات. هەروەها بزوتنەوەکەین لە رووی کردەییەوە کاری لەسەردەکەین. بۆ ئەوەش لە بوارەکانی ژنۆلۆژی بەهەمان فراوانیەوە مامەڵە لەگەل هەر بوارێک دەکەین کە پەیوەندی بە ژن و ژیانەو ەهەبێت.
سێ ئەرک و کاروباری دەزگایی هەیە کە ژنۆلۆژی و بزوتنەوەی ئازادی ژن لە فراوانکردنی و پەرەپێدانی دا بەرپرسیارە :
* یەکەم، لەو رێنماییەی کە مێژووی کۆیلەکردنی ژن لە رۆژهەلاتی ناوین دا شاراوەیە، ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە ژن لەسەر ئەم خاکە چۆن پەرە بە کۆیلەکردنی دراوە و ئەو بەرخودانانە چین کە لەبەرامبەر کۆیلایەتی ئەنجامی دراوە.
* دووەم، لەسەر بنەمای ئەو مێژووە، پەرەدان بە دووەمین شۆرشی ژن و بە دەزگاکردنی هێزی بزوێنەر، رێ و ڕیباز و کەرەستەکانی، ئەلبەتە ئەزمونی بزوتنەوەی ئازادی ژنی کورد، لەگەڵ میراس و ئەزمونی فێمنیستەکان و بزوتنەوەکانی رزگاری ژنان ڕێنیشاندەر دەبن.
* هەرچی سێیەمە لەسەر بنەمای ئەو شۆرشە، بۆ پێشخستنی کۆمەلگە، فەراهەم کردنی زەمینە بۆ جیبەجێکردنی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی ژن.
پ.لە دەستبردن بۆ پرسە کۆمەڵایەتیەکان، ژنۆلۆژی ڕیزبەندییەکی بۆ کارە یەکەمینەکان چیە؟
زۆزان سیما : هەلوێستی پۆزەتیڤیست وای کردووە کە هەر شت پارچەبکرێت و دابەشی بکات بەسەر سەرەکی و لاوەکی دا. ژنۆلۆژی لەلێکۆلینەوەکانی دا ئامانجێتی پەرە بە رێبازێکی لێکۆڵینەوە بدات، کە یەکانگیری حەقیقەت بە بنەما دەگرێت. ژنۆلۆژی راوەستە لەسەر ئەو بابەتانە دەکات کە وەڵامی پێویست بە پرسەکانی ژنان دەداتەوە. ئەو بابەتانەی کە ژنۆلۆژی، لە ئەوروپا و تورکیا-باکوری کوردستان باسی دەکات، دەکرێت جیاواز بێ لەگەڵ ئەوانەی ئەمەریکای لاتین. لە جێی خۆی دا نیە کە بلێین ” کاری یەکەم یان ئەولەویەت” ڕیزبەند دەکات. ئەو بابەتانەی لە رۆژئاڤا یان باشور لەگەڵ ئەوەی کە لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا گفتوگۆی لەسەر دەکات جیاوازی هەیە. وەک ڕێبەرمان ئاماژەی پێکردووە واتای هاوژیانی لە پەیوەندی ژن-پیاو لەراستی دا هەموو بابەتەکانی تر دەگرێتەوە لە هەندێ جێگە فەلسەفە زەق دەکرێتەوە؛ هەندێ جێگە قورسایی دەخرێتە سەر گفتوگۆ کردن لەسەر مەسەلە ئابوریەکان. ئێمە ئەو گفتوگۆیانە وەک دەوڵەمەندی و فرەڕەنگی لێک دەدەینەوە. جاری وا هەیە کە هەموو بابەتەکانیش دەبنە بابەتی باسمان. نالێین ئەولەویەت بەڵکو نەخشەڕێیەک دادەڕێژین، ئەو نەخشە ڕێیەش لە ڕووی جوگرافی و کۆمەڵایەتیەوە فرەڕەنگیەک لە خۆوەدەگرێت.
پ.کێشەی توند و تیژی و ئیستغلالکردنی جنسی لەبەرامبەر ژنان کێشەیەکی جیهانییە. ژنۆلۆژی لەسەر ئەو بابەتە رێنمایی چیە و هەڵوێستی لەسەر خۆپاراستن، چیە؟
زۆزان سیما : ژنۆلۆژی زانستێک نیە کە رەچەتەی چارەسەری بۆ هەموو کێشەیەک هەبێت. لەسەر بەرگری لە خۆکردن یان خۆپاراستن بزوتنەوەی ئازادی ژنی کورد ئەزمونێکی دەوڵەمەندی هەیە. هەم دید و رێنمایی فراوانی لەسەر خۆپاراستن و هەم ئەزمونی دەیان ساڵەی لە سوپابوونی ژن هەیە. سوپای ژن پێکهاتەیەکی رووکەشانە نیە . هەندێ هێز و کەسیش هەیە کە کاتێ کاریگەری یەپەژە دەبینن، دەچن وێنە لەگەڵ ئەو کچە گەنجانە دەگرن کە چەکیان بەدەستەوەیە و دەکەینە کەرەستەیەکی میدیایی، لەگەڵ ئەوەی کە زۆر زانیاری تر هەیە دەکرێت بە دەستی بێنن لە سەر هزر، رێکخستن، بەهاکانی ئەتیک-ئەستاتیک و بە ئیرادەبوونی ژن لە مەیدانی شەڕدا. دیارە کە تا ئێستا لەو بارەیەوە کاروباری پێویست نەکراوە بۆ نیشاندانی ئەو کاریگەریە هەمەلایەنەیە.
ئەوەی کە ئەزمونەکانی خۆپاراستن لە ژن دا بەدەستی هێناوە تەنیا فێربونی بەکارهێنانی چەک، یان پاراستنی وڵاتەکەی، خۆی و بەهاکانی نیە، بەڵکو لەو وانانەی کە وەریدەگرن لە سیاسەتەوە بگرە تا ئابوری، لە گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندیەکانی ژن-پیاو و زۆر بواری دیکە، کاریگەری وەرچەرخێنەرانەی لە کەسایەتی دا هەیە. بە سوپابوونی ژن، گوڕی بە پرۆسەی بە بەپارتبوونی بزوتنەوەی ئازادی ژنی کورد و ڕێکخستنی کۆنفیدرالیانەی رێکخراوەکانی ژنان و دەرفەتی نوێنەرایەتی یەکسان لە هەموو دەزگاکاندا دا. پێمان وایە پێویست بە زەمینەیەکە کە کەرەستە و پەیڕەو، ئاکادیمیا و ڕێکخستنەکانی خۆپاراستنی ژنان لە هەموو بوارێکەوە پێشبخات. توند و تیژی و ئیستغلالکردنی جنسی ئەنجامە. بێگومان دەبێ رێکخستنکردن و ڕێ و شوێن لەبەرامبەر ئەو ئەنجامە بگیرێتەبەر. ژنان ناچارن کە بە رێ و رێبازی دەوڵەمەند پەرە بە خۆپاراستن و رێکخستبونیان بدەن. ئاسایشی ژن لە رۆژئاڤا، ماڵی ژنان و دەزگاکانی ژنان وەک ئەزمونێک پەرەدەسەنێت. تا دێت زیاتر دەبنە خاوەن ئەزمونی کارکردن لە بوارەدا. پێمان وایە کە ئەو کارانە رێگرن لەتوند وتیژی و گرنگن. بەڵام کاتێ پەیوەندی توند و تیژی بە بوارەکانی سیاسی، ئابوری، رۆڵەکانی ژنێتی-پیاوێتی نەبینرێت ئەوە لە چەمکی پاراستن و سزادان بە پێی یاساکانی دەولەت تیپەرناکات. هۆکاری سەرەکی توند وتیژی لە چۆنێتی پەیوەندیەکانی ژن-پیاودا شاراوەیە.
لەسەر هاوسەرگیری مەولانا جەلالەدینی رۆمی قسەیەکی هەیە دەلێ” ئەگەر دوو چۆلەکە بەیەکەوە ببەستنەوە، دەکرێ چوار باڵیان هەبێ، بەڵام هەردووکیشیان ناتوانن بفڕن”، ئەو دوو چۆلەکەییەی ناتوانن بفڕن، رادەوەستن و یەکتر دەروشێنن، دەکەونە حالێکەوە بەرپرسیارێتی نەفڕینیشیان دەخەنە ئەستۆی یەک. ڕێبەرمان ئەوەی وەک ” کەوتنە قەفەسی شێر” ەوە چواند. فرێدانە قەفەسی شێرەوە… دەسەڵاتدارێتی پیاوسالار وەک تەڵەیەک هەرپیاوێکی کردووە بەو شێرە برسیە. دەسەڵاتدارێتی ئەو پڵنگە فرێدراوەی نێو قەفەسی شێری هارکراوی برسی، یان بەدەستی خۆی پارچە دەکات، یان وەک ئەوی لێدێت یان ماڵی دەکات و لەگەڵی دا رایدێنێ. لە ئەنجام دا شێوازێکی پەیوەندیە کە پیاو دەکاتە کوژەر و ژنیش کوژراو. ئەو پەیوەندیە پێویستی بە گۆڕانکاریە. ئەو گۆڕانکاریەش بە زیادکردنی ڕەگەزەکان پێک نایەت، ئەو رێبازە تاقیکراوەتەوە بەڵام شێوەی پەیوەندیەکانی ژنێتی و پیاوێتی بەرهەم دێنرێتەوە. لەوانەیە شێوە بگۆرێت بەڵام ناوەرۆکی و چۆنێتی پەیوەندیەکان ناگۆڕێن. پێویست بە گۆرانکاریەکی چۆنێتی هەیە لە پەیوەندیەکانی ژن و پیاودا. دەبێ پەیوەندیەکانی ژن و پیاو لە بواری زایەندییەوە بگۆڕێت بۆ بواری سیاسی و فەلسەفی. چەمکی هاوژیانی ئازاد گوزارەیە لەو گۆڕانکاریە لە ڕووی چۆنایەتیەوە. لەو باوەڕەداین کردەیی کردنی چەمکی نەتەوەی دیموکراتی، باشترین میکانیزمای خۆپاراستن دەبێت لە بەرامبەر توند و تیژی و ئیستغلالکردنی جنسی.
پ.ژنۆلۆژی وەک پرۆژە لە ٢٠١٠ ەوە کەوتۆتە رۆژەڤەوە،لە کاتەوە لە رووی کردەیی و دەزگابوونەوە چ مەودایەکی بەرچاوی بڕیوە؟
زۆزان سیما : تا ئێستا بە پێی داخوازت و پێویست پەرە بە ژنۆلۆژی و دەزگابوونی نەدراوە. ئەلبەتە ئەوەش پاساوی خۆی هەیە. بەڵام ژنۆلۆژی بە خێرایی لەهەموو دەڤەرەکان بووە رۆژەڤ و بە ڕەنگی خۆیەوە ناسرا و بە پێی توانا و لەو جێیەی پێویستە، هەوڵی بە دەزگابوون و رێکخستنکردنی دراوە. بەپێی پلانسازی و رێکخستنکراو کاروبار بەرێوەبراوە بەلام لە هەمان کات دا خۆرسکانەش پەرەدەسەنێت و ئاراستەی خۆی دەگرێت. لە بارودۆخی ئێستادا لە هەموو ئەو جێیانەی کە بەرگرینامەکانی رێبەر ئۆجالانیان خوێندۆتەوە، یان لە ژێر کاریگەری بزوتنەوەی ئازادی ژنی کورد دا یە، یان لەو جێیانەی بزوتنەوەی ئازادی گەلی کورد رێکخراوە، ژنۆلۆژی بۆتە بابەتی باس. لە زیندانەکانەوە تا چیاکان، لە هەر چوارلای جیهان ژنانێکی کە لێکۆڵینەوە و لێگەڕینیان لەسەر بابەتەکانی ژن، یان بە رێنمایی هاوژیانی ئازاد لە پەیوەندی ژن-پیاو دەڕوانن کاروبارەکانیان لە چوارچێوەی ژنۆلۆژی دا لەقەڵەم دەدرێت. پێویست نیە کە کاروبارەکانی دەزگابوون هەر دەبێ لە سەرناوی ژنۆلۆژی بێت، بەڵکو گرنگە کە پەرە بە کاروباری ژنۆلۆژی بدرێت، ئەوەش وەک پێشکەوتنێکی گرنگ دەبینین. ئەڵبەتە کاریش دەکرێت بۆ دەزگاگەلێکی کە وەڵامی ئەو هەموو لێگەڕین و چاوەڕوانیانە بداتەوە. تا ئێستا هەموو کاروبارەکانی ژنۆلۆژی بە دەستپێشخەری هەرێمیی بەرێوەچووە، هەندێ جار کاروباری هاوبەش هەیە بەڵام دەستپێشخەری هەرێمیی زیاترە. لە رێی میدیاوە چاودێری هەندێ پێشکەوتنمان کرد و ئەوەش ئاسۆی ئێمە ڕووناک دەکاتەوە. کۆنفرانسەکانی ژنۆلۆژی، گفتوگۆکان، گۆڤار و ماڵپەر و وتار، نوسینی کتێب، ئاکادیمیا، وانەی ژنۆلۆژی لە زانکۆکان، جێگیرکردنی وانەی ژنۆلۆژی لە پەیڕەوی خوێندنی ئامادەیی، هەندێ لەو کاروبارانەن. هەندێ لێکۆڵینەوەی سۆسیۆلۆژیش دەستی پێکردووە.
پ.کاتێ باس دێتە سەر لقێکی نوێی زانست، بەتایبەتی لە ژنان و کۆمەلگەش بە گشتی چی کاریگەری و کاردانەوەیەکی هەیە؟ بزوتنەوە و رێکخراوەکانی ژنان کاردانەوەیان چیە؟
زۆزان سیما : دەبێ بلێم کە ژنۆلۆژی زانستێکی نوێ نیە، بەڵکو چەمکێکی نوێیە لە زانستە کۆمەڵاتیەکان کە ئامانجێتی بە دیدی ژن شۆرش لە زانستی کۆمەڵناسی دا بکات. بۆ نمونە زۆر جار پرسیارکراوە کە ژنۆلۆژی چۆن لە پەروەردە دەڕوانێت، چۆن بیر لە ئابوری دەکاتەوە، چۆن باس لە تیۆری سیاسەت و زانستە سروشتیەکان دەکات. دیارە کە پێویستی بە راستکردنەوەی دید و زهنیەتی پیاوسالارییە لە هەموو زانستە کۆمەڵایەتیەکان دا. بەرپرسیارێتیمان لە راستکردنەوەیە بۆ هەموو بوارەکانی زانست دا بگوازینەوە. زانستە کۆمەڵایەتیەکان ئەو دەرفەتەمان بۆ دەرخسێنێت. پێمان وایە کە ژنۆلۆژی دەتوانێ رۆڵی دیار و بەرچاو ببێنێ لە پێشخستنی بواری سۆسیۆلۆژیای ئازادی لە زانستە کۆمەڵایەتیەکان دا. ئەوەی دەبینرێت، هەوڵی تیگەیشتنە لەوەی کە ئەم چەمک و زانستە دەیەوێ چی بکات. زیاتر ئەو هەڵوێستەیان هەیە کە چاودێری ئاراستەی گفتوگۆکان و بە دەزگابوونی دەکەن، بەڵام تا ئێستا بە گشتی کاردانەوە و هەلوێستی ئەرێنی هەبووە. بە تایبەتی ژنانی ئەمەریکای لاتین و رۆژهەلاتی ناوین چاوەڕوانیەکان و هەلوێستیان زیاتر ئەرێنی بووە. لەبەر ئەوەی لەو جێیانە، ژنان لە تێکۆشانی ئازادی دا، وەڵامیان لە لێگەڕینەکان و رێنماییەکانی فێمینیست دا نەبینیوەتەوە. بابەتەکانی وەک کۆمەڵایەتیبون، وەرچەرخانی پیاوێتی، شۆرشی ژن، ئایین، کەلتور و هتد لە ژنۆلۆژی دا، سەرنجیان رادەکێشێت. بەشێكیش هەیە کە زانست لە دەسترۆیی و بژاری دەسەڵات دا دەبینیت و دەلێن کە پێویست بە زانستی ژن نیە و لەجێی زانستی ژن دەکرێت بە چەمکێکی جیاواز گوزارەی لێ بکرێت. هەندێکیش هەیە وا بیر دەکەنەوە ئەو بابەتانەی لە چوارچێوەی ژنۆلۆژی دا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و رەخنەی لێدەگرێت دەکرێت لە فێمینیزم دا گفتوگۆی لەسەر بکرێت و ژنۆلۆژی وەک ” فێمینیزمی کورد” دەبینن و هەندێکیش تریش دەلێن ئەو بابەتانە دەکرێت لە رەوتی فێمینیستی پۆست-کۆلۆنیال دا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. تەنانەت هەندێک هەیە کە دەلێن، دەکرێت ژنۆلۆژی وەک مەسەلەی ئەتیکی نوێ لە فێمینیزم دا گوزارەی لێ بکرێت. هەندێکیش هەن کە بە پێویست دەبینن کە گفتوگۆکانی ژنۆلۆژی ببەستنەوە بە پێوەری نوێی ئەتیکی فێمنیست. نەک تەنیا بزوتنەوەکانی ژنان، بەڵکو چاوەڕوانیەکی زۆر هەیە کە لێکۆڵینەوە لەسەر پیاو بکرێت. هەر کە ژنۆلۆژی پەرەدەسەنێت، زەمینەی گەیشتنمان بە دەوروبەرێكی فراوان فەراهەم دەبێت، کاردانەوەکان بە دڵنیاییەوە دەبنە رێنیشاندەرێک بۆ کارەکانمان.
پ.چ پرۆژە و کاروبارێکتان هەیە لە مەودا کورت، ناوین و درێژخایەن دا؟
زۆزان سیما : تا ئێستا زیاترکاروبارەکانمان، پەروەردە لەسەر ناساندنی ژنۆلۆژی بووە، وەک گروپی کار، کۆنفرانس، کۆبونەوە، سیمینار و خولی پەروەردە بەرێوەبراوە. پێمان وایە ئیتر کارەکانمان گەیشتۆتە قۆناغێک، لە مەودایەکی نزیکدا بیر لەوە دەکەینەوە کە ئاکادیمیاکانی ژنۆلۆژی دامەزرێنین. ئەو ئاکادیمیانە لە رووی رێنمایی تیۆری و کردەییەوە لە پەیوەندیەکی توند و تۆڵدا دەبێت و دەبێتە بواری کردەیی کردنی ژنۆلۆژی. هەم ئەزمونی بزوتنەوەی ئازادی ژن هەڵدەسەنگێنرێت و وهەم جێگە بە هەموو کاروبارێک دەدات کە ژنان تێدا چالاک و خۆرێکخستن بکەن. لە ئاکادیمیاکان دا لە تەندروستیەوە تا ئابوری، لە وێژەوە تا فەلسەفە لە دیمۆگرافیاوە تا سیاسەت لە ئەکۆلۆژیەوە تا زۆر بواری تر راوەستەی لەسەر دەکرێت و زەمینەی وەرچەرخانیان بۆ سیاسەت، چالاکی و رێکخستن دەرەخسێنێت. ئەلبەتە لەو بوارانەدا زۆر کاروبار هەن بەڵام زەمینەی بە ئاکادیمیبوونی، کۆکردنەوەی ئەنجامەکانی و هەڵسەنگاندنی ئەو کاوبارانە نەکراوە. بەو تێزانەی لە ئاکادیمیاکانی ژنۆلۆژی دا بەرهەم دەهێنرێت، بەو پرۆژانەی کە کردەیی دەکرێت و ئەو کارانەی کە رێ لەسەر شۆرشی ژن و پێکهێنانی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی دەکاتەوە، ئامانجمانە کە زەمینەی کاری هاوبەش فەراهەم بکات، هەم لە رۆژهەلاتی ناوین و هەم ئاستی جیهان دا. پرۆژەمان هەیە لەسەر مێژووناسی، هەروەها لێکۆڵینەوەی سیۆسیۆلۆژی لەو تیکۆشانەی تا ئێستا بەرێوەبراوە. هەروەها پرۆژەمان هەیە لەسەر بڵاوبونەوەی ژیانی کۆمیناڵی ژنان و هەڵسەنگاندنی ئەو ئەنجامانەی کە تا ئێستا ژنان لەو پرۆژانەوە بەدەستیان هێناوە.