ئێمە وەک ئینتەرناسیۆنالیستەکان لە پەیمانگای ئەندرێا وۆڵف سەر بە ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە ڕۆژئاڤا، بانگەوازی یەکگرتنێکی نێونەتەوەیی بەهێز دەکەین بۆ بەرگری لە شۆڕشی ڕۆژئاڤا و داهاتوویەکی ئازاد کە ئیرادەی هەموو گەلانی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەخۆبگرێت.
لە ٢٧ی ئیشرینی دووەم- نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ەوە، گروپە جیهادیستەکان دەستیان بە هێرشی سەربازی گەورە کرد لە سوریا، بە ئامانجی ڕووخاندنی دیکتاتۆریەتی ئەسەد و دامەزراندنی مۆدێلی دەوڵەتێكی ئیسلامی. لە هەمان کاتدا ئەم گروپە جیهادییانە، هێرشەکانیان لە دژی گەلی کورد و هەموو کۆمەڵگاکانی ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چڕ کردەوە بە ڕێنمایی و بەشداری ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای تورک. ئەمەش سیاسەتەکانی جینۆساید و جەنگەکانی جینۆساید و جەنگەکانی داگیرکاری کە بەسەر گەلانی کوردستان، فەلەستین و لوبنان و سوریادا سەپێنراون زیاد دەکات، وەک بەشێک لە سیاسەتەکانی باڵادەستیی ڕۆژئاوایی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە بەپێی بەرژەوەندییە سەرمایەدارییەکان.
لە بەرامبەردا، بەرخودان لە ڕۆژئاڤا خەباتێکە لە پێناو ئازادی ژن و بەرگریکردن لە ژیانی ژنان لە هەر دەستدرێژی، توندوتیژی، فێمیساید-قڕکردنی ژن و لە پێناوی پاراستنی داهاتووی منداڵان و خەون و خەیاڵەکانیانە، خەباتێکە لە پێناو بەرگری لە سروشت و زەوی؛ بۆ ڕێگری لە هەڵکەندنی دارزەیتوونەکانی عەفرین لەلایەن داگیرکەرانەوە، و بۆ ڕزگارکردنی هەموو ڕووبارەکانی ناوچەکە کە بەهۆی پڕۆژەکانی بەنداوی تورکیاوە وشک کراون. بەرخودانێکە دژی هەموو سیستەمە دیکتاتۆری و توندوتیژەکان و خەباتێکە لە پێناو مافی چارەنووسی خۆنووسین و خۆسەری دیموکراتی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەوەی ئێستا لە سوریا ڕوودەدات، دەستبەسەرداگرتنی شۆڕشمان لە ئێران بیر دێنیتەوە کە لە ١٩٧٩ لەلایەن مەلاکانەوە دەستی بەسەردا گیرا، یان گەڕانەوەی سیستەمی فاشیستی تاڵیبانمان لە ئەفغانستان بە بیر دێنێتەوە. ئێمە هەمان عەقڵیەت و تاوانەکانی دژە مرۆڤایەتی دەبینین کە چەکدارانی داعش پێش ١٠ ساڵ لە کۆبانێ یان ڕەققە یان شەنگال ئەنجامیاندا. ئەو گروپانەی هێرش دەکەنە سەر خۆسەری دیمورکاتی یاخییەکان نیین لە ڕژێمی ئەسەد بەڵکو گروپی جیهادین کە دەوڵەتی تورک سەرکردایەتیان دەکات و هەوڵی دامەزراندنی خەلافەت دەدەن لەسەر بنەمای یاساکانی شەریعەت. ژنانیان وەک بارمتە گرتووە بە مەبەستی فرۆشتن یان دەستدرێژی یان کوشتن. کەسانی تر ناچارکراون ماڵەکانیان بە خێزانەکانیانەوە بەجێبهێڵن. ٢٠٠,٠٠٠ کەس بۆ جاری دووەم لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا، دوای داگیرکردنی عەفرین ئاوارە کرانەوە. جارێکی تر، جەنگێکە کە ژنان گەورەترین باج دەدەن، هەروەها گەلی کورد و پێکهاتەی مەسیحی، عەلەوی و دروزی و ئێزیدییەکان کە لە هەر شوێنێک گروپە جیهادییەکانی پێدا تێپەڕیبێت، سەربڕدراون.
وەک لە ڕابردوودا، ئەمڕۆش بە هێزی یەکگرتووی ژنان بەردەوام دەبین لە بەرگری لە ڕۆژئاڤا. لە هەموو بەرەیەک، لە هەموو شارۆچکە و گوندێکی ڕۆژئاڤا، ژنان بەشێکن لە بەرخودانی چالاک. ژنان خواردن ئامادە دەکەن، پەناگە و دەرمان بۆ ئاوارەکان ڕێکدەخەن. ژنان بێوچان کار دەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ئێستا؛ چەک هەڵدەگرن بۆ شەڕکردن لە ڕیزەکانی هێزەکانی خۆپاراستنی جەوهەری کۆمەڵایەتی ژن و هێزەکانی پاراستنی ژن- یەپەژە و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دژی هێرشەکانی گروپە جیهادییەکان و سوپای داگیرکەری تورک.