بۆچی ماڵپەڕی ژنۆلۆژی ؟
ژنان لە سەرتاسەری جیهان ، ئێش و ئازار، توند و تیژی ئەشکەنجە و هەزاران جۆر ستەم و زوڵم دەبینن، داخۆ پێویستیان بە مالپەڕ و تۆڕێکی ڕاوێژی و زانیاری نیە؟. هەزاران ساڵە لەسەر ڕووی ئەم گۆی زەویە بێ هەژمار دەوڵەت–شار وەک جێی نیشتەجێبوون دامەزراوە بەڵام کۆمەڵگە بە تایبەتی ژن لە دۆخێک دایە کە هەر ژیان نیە. ئێمە بۆ بە کردنەوەی ماڵپەرێکی وەها هەنگاو بۆ وەلامدانەوەی ئەو دۆخە نەنێین؟ مەگەر پێویستیەکە؟ ئەگەر وایە، بە هێندەی ئیش وئازارەکانمان وەڵامدەرەوە دەبێت؟
ئەگەر سەیری لۆگۆی مالپەڕەکەمان بکەن کە پورێ ( جا ئێوە چێ پێ دەلێن ، دایە ، دایک ، پیرەژن، خوشکە، پورە و یان هەر دەستەواژەیەکی تر ) چەندە بە ئامرازێکی بەرجەسستە و لە کارگەیەکی ڕاستەقینەدا دانیشتووە، بە دەستیەوە تەشیەک حەقیقەت دەهۆنێتەوە، ڕاستی هونەرێکە، سەرەتای زانست و تەکنیکە. بە تێڕامانێکی ئارام و بەخۆباوەڕ و وردانە، لە هەزاران ساڵ لەمەوبەرەوە بێ ئەوەی کە تاڵی خوریەکەی بپچڕێ لە تەشیەکەیەوە دەیئاڵێنی، جلوبەرگی پێ دەڕێسێت. جیاوازی ناکات ئەگەر لێی بپرسی چی دەکەی ، دەلێ” بۆ تۆی دروست دەکەم بەرخەکەم” هێندە گەردوونی و حەقیقەتە. لەوانەیە ئێوە ئەو دەزگایە سادە، بەچاوی کەم، دواکەوتوو ببینن، لەوانەیە بلێن ئەو خوریەی ئەو دەرێسێ ئەستور و زەبرە بەڵام ئەوانەی وشیاری و زانایی مێژووییان هەبێت ئەوە حەق بەو دایکە دەدەن کە ئەگەر ئەو نەبوایە و ئەگەر ئەو ئامێرە سادە و تەشیە ناوازەیە نەبوایە، ئەوە زانست و تەکنیکی ئەمرۆ، پەیوەندی و تەکنەلۆژیای ئەمرۆ مەحاڵ دەبوو. دەستی سیحراوی، دڵی پڕ لە ئەڤینی کراوە بۆ هەموو گەردوون، ژیری سۆز و هەستی نەبوایە، ژیری نەجولایە، ئەوە نەماندەزانی کە بە چ پرۆسەیەکی پەرێشانی دا دەگوزەراین و چەقمان دەبەست؟.
ئەو دایکە ئامێرەکەی لە دەڤەرێکی ترەوە نەهێناوە بۆ میزپۆتامیا بەڵکو رۆڵەی ئەم خاکەیە، ڕۆڵەی رۆژهەلاتی ناوینە و ئامێرەکەی لێرە سازکردووە. لەسەر خاکی نهێنی، تەلیسماوی، لەسەر خاکی پیرۆز و بە حکمەت و مەعریفە رووناکی کردەوە و ئامێرەکانی داهێنا. تەشیکەی لە هەر ساتێک و هەڵهاتنی رۆژ، هاتنی مانگ، ساڵ و سەدان ساڵ دا ڕست. خوریەکەی لە هەموو هەلومەرجێکدا هۆنیوەتەوە، نەخشەی خۆی بۆ حاڵی هەر مرۆڤێک خستۆتەکار. هەم مێژوویەکی تۆمار کرد لەسەر ئەو خاکەی کە پێی پێداناوە، ئامێری ڕستنی لەو خاکەدا بەرهەمهێنا کە بە دەستەکانی خۆی تۆوەکەی وەشاند و بەرهەمەکەی کۆکردەوە. هەر خۆی خوڵقینەر بووە، بە بەرهەمەکانی دوو جار گیانی بە بەر مرۆڤایەتی دا کردووە، یەکەم بە ئامێرەکانی و دووەم بە خاک. بە تۆ و هەستی خۆی . بە دەست و لە ناخەوە تۆوی وەشاند. برینی دەستەکانی لە خاکەکەی دا و شوێنەری ژیانی لە تاڵی خورکەی دا نەخشاند.
ئەو دایکە لەو بەرهەمانەی کە لە دەستەکانی دا دەبینرێت زیاتر، بەرهەمگەلێکی تری داهێنا کە نابینرێت. بێ ئەوەی هاوار بکا، بە ئارام و نیانیەوە خۆی بە دەمارەکانی ریشەداری مێژەوە گرێدا بە دەنگێک لە ناخیەوە، بە رۆحێکی بەهێزەوە دەپەیڤێ، ئەگەر تۆ گوێ لە خۆت نەگری ئەوە هەست بەوە دەکەی کە پشتت لە حەقیقەت کردووە. لەسەر ئەو خاکەی لە دایک بووی و مەزن بووی، لەو شیری دایکەی کە خواردوتەوە، ئەو لەیلایەی کە گوێت لێ بووە، ئەو هەڵبەستەی کە دایک لە ناخیەوە بۆی هۆنیتەوە و چرپاندویەتی بە گوێت دا، تۆ پشتی تێدەکەی ئەگەر گوێ لە دەنگی ئەو دایکە نەگری. دە وەرە چۆن گویێ لێ ناگری: ” رۆڵە، رۆڵە شیرینەکەم، من بومە دایکی مێژوو، خاکی مێژوو کەنێر و مێی لێ بووە، من بووم کە بەدەستی بە بەرەکەتم تۆوم لە قوڵایی زەوی دا وەشاند و لە منداڵدانی دا خاک دا ڕۆم کرد. من بووم کە بۆ برسێتی دا، بۆ سەرما و سۆڵە، لە نەبونەوە بۆ برینە گرانەکان، بۆ بێ جێگا و رێگایی چارەم بینیەوە. لە سەردەمی ئەوەندە تەنگاودا ماینەوە، کەمی مابوو کە هەناسەمان لەبەرببڕێت، بەڵام بێ چارە نەماین. ئێستا سەیری حاڵی دەکەم کە چەندە خاکی گەورەی ئەو لە دەستی ئێوەدان، ئاوی بێ سەروبن وناکۆتا لە دەستی ئێوەدایە. ئیتر ئەو ئاگر دانەمرکا و ناکۆتایایە، نە ئەو مەڕ و ماڵاتانە دڕاندانە، نە ئەو نەخۆشیانەی کە هۆکارەکانی نازانرێت و نە ئەو بەربەستانەی کە زیانمەندن، عەقلی ئەو تەکنیک و زانستەی خولقاند، بەڵام سەیرتان دەکەم کە ناتوانن بۆ خۆشتان ببنە چارەسەر، بۆتان نیە هێندە بەرهەم لەسەر یەک کۆبکەنەوە، لێکۆڵینەوە لەوەی ئێوە پێی دەلێن کەموکوڕ و ئاسانە بەدەست هاتووە، بکەن. ڕێی نهێنی و عەقڵ ببینن. من ئەو دەنگەم لە ناو ناختاندا کە هەرگیز بێدەنگ نابم. من ئەو وزەیەم لە عەقڵی ئێوەدا کە هەرگیز لە ناوناچێت. من مێژووی ئێوەم. باخچەی هەستیارییم کە هەمیشە دەمی گوڵەکان بە هەست دەکەمەوە. تەنیا خۆتان بناسن، من بناسن و مێژوو بناسن…”
ماڵپەرەکەمان، لۆگۆ و ناوەکەمان، لە ڕاستی دا ڕەمز و هێمایەکە، دید و چەمکێکە، زۆر شت بەو دڵ و عەقڵانە دەلێ کە دەبیستن، بەوانەی کە لەگەڵ ڕاستی سیستەم دەژین و لە هەر ساتێک لەگەڵی دا لە شەڕدایە دەلێ کە؛ لە سەر چریەکی ئەم سەردەمەی پێدا دەگوزەرێین کۆمەلکوژی بەسەر کۆمەڵگە، ژن و ژیان دا سەپێنراوە، بۆ ئەوەش دەبێ لە هەموو ئان و ساتێکدا کۆمەلگە و ژن وشیار و زانا بکەین. هەر لەبەرئەو هۆیەشە دەلێن ژنۆلۆژی. بۆ ئەوەی کە ڕاوێژ لەسەر هەر بوارێکی ژیان بکەین و بە تەکنیکی سەردەم بیگەیەنین، دەلێین ژنۆلۆژی. بەو ئامانجەی کە ئەو خزمەتەی ژیانی راست و پێویستیەکانی دا بێت وەک ئەو دەزگا و ئامێرە سادانەی دایک بە ڕەنج و ویستی خۆی دەستی پێکرد. ئێمە نەوەی ئەو دایکەین، ئێمە رۆڵەی ئەم خاکەین. ئەو رەنجەی کە داویەتی لە ڕرێساندن دا بە ئامێرەکانی خۆی لە یادەوەری هەموو جینەکانمان دا ماوە و لە قۆناغی ئامادەکردنی ئەم مالپەرەدا ئەو تەشیکەی بادا، خوریەکەی ڕیسا، خەمی ئێمەی ڕاواندەوە، وزەی پاکی بڵاوکردەوە، وزەیەک تا ئاست جوڵە خێرا و بازدان، لێگەڕینێک، ناوی هەرچییەک بێت، لۆگۆکەی هەرچیەک بێت، ناوەرۆکەکەی، بابەتەکانی، سەردێرەکانی و هتد. بەردەوام بووە و بەردەوام دەبێت. تەشیەکەی قەت ڕاناوەستێت، ئەو ئامێرانەی کە دروستی کردبوو لەبەرامبەر عەقلی نێرسالاری پیلانگێڕ هەر بە عینادی هەرگیز ڕاناوەستێت و هەڵناوەشێت. هەر لە تێرکردنی مرۆڤ، تا پاراستن و خواردن، خواردنەوە بەردەوام بوو. ئێمەش بە ڕەنج و ئەڤینی مەزن لە هەموو هەلومەرجێکی گران دا بەرەو کاروانی خەباتی دەبەین. سەیری ئەو ئامێرانە دەکەین و ئومێدی لێهەڵدەهێنجین. دەزانین کە مرۆڤایەتی قەرزارباری ئەو ئامێرەیە. زانست، هونەر، تەکنیک لەوێ دا ڕێسرا، بونیادنرا، بەرەو ئەمرۆ خرۆشا. ئەو زانستیبونەی کە هیوای پێبەخشین، جارێکی تر بەو ئامێرەوە ڕێسرا. بەردەوامی بانگەشەمان بۆ زانستی ژن پەیوەستە بە ڕەنجی ئەو تەشی و دایکەی کە هەزاران ساڵە بێ ڕاوەستان بادەدرێ و ئەو تاڵە بێ پچڕان، تەونێکی لە جوانیەکەی ڕستووە. لە ماڵپەڕی ژنۆلۆژی دا ئەو جوانییانە دەنوسینەوە. ئەو جوانیانە بۆ ژنۆلۆژی دەخولقێنین. بەو جوانیانە لەناوبردنی ژیان ڕادەوەستێنین. ئەو ئێش و ستەمەی بە ژنیان چەشتووە لە دەزگاکانی ژنان دا، بە دەستی ژنان و بەدڵ و رۆحیان جارێکی تر بە وشیاری دەهۆنینەوە، بەو ژیرەیە ئەو دۆخە ڕاوەستێنێت، لەو پێناوەش دا دەبینە جێی متمانەی ژنان بە ماڵپەڕەکە. تەشیکەی ژنان هێشتاش خول دەخوات و لە راستی دا هەرگیز رانەوەستاوە. ئەو خوریەی رێسراوە و هەرگیز نەپچراوە مرۆڤایەتی خۆی پێگرتۆتەوە، دەمانەوێ ژنان لە دڵ و مێشكیانەوە ئەو ڕاستیە ببینن و هەوڵی بۆ دەدەین کە ئەو هەزاران کۆمەڵکوژیەی کە لەسەریان بەڕێوەبراوە پێکەوە ڕاوەستێنین. دەبێ بەو ئاگاییەوە خۆ سەفەربەر بکەین، ئەگەر ژنۆلۆژی ئەو ئەرکە سەرنەخات، ئەوا بە پێچەوانەی ئامێر و دەزگاکانی خۆی کە لە سەردەمی نیۆلۆتیکەوە خولقاندوویەتی، تەشیکەی خوداوەند لەو سەردەمەوە خول دەخوات، لە خول دەکەوێت و ڕادەوەستێت. لە پاشگرێکی ئەو زانستانەی قڕیان دەکات واوەتر ناچێت، وێرای هەموو نیاز و هەوڵی باشیش بەڵام لەوە واوەتر ناچێت. ئێمە لەو ئاوە رادەمێنین کە لە هەستی دڵیەوە دەخرۆشێت، لە ئاوازی ئەڤینی سەر لێوی دەڕوانین، تەماشای هاواری رۆحی هەڵبەسئاسای دەکەین، لە باری هەستی سەردەمەکەیەوە دەڕوانین و مێژوو دەنوسینەوە. لاپەڕەکانی ئەم ماڵپەرە نە تەنیا بە عەقلی شیکاری و نە تەنیا بۆ عەقلی هەستیار دەهۆنینەوە، هەر وەک ئەو دایکە و بەرهەمی عەقلی بێوێنەی، دەزگاکانمان دادەمەزرێنین، وەک بەرهەمی ژیری هەستیاری بێوێنە، نەخشی جوان بەرهەمدێنین. یان بە بەرهەمی ئەقلی شیکاری تەشیەک دروست دەکەین، لەوەوە تاڵەکانمان دەهۆنینەوە، مۆدێلی نوێی لێدەڕێسین. بە عەقلی هەستیار ئەستاتیک– جوانناسی پێدەبەخشین و کەلتوری مێخوداوەندی پێبدەین. ئەو ئایدۆلۆژیانەی ژن لە عەقڵ دوور دەخەنەوە، هەوڵ دەدەن کە بێبەشی بکەن، یان ئەو ئایدۆلۆژیانەی لە لایەک خۆی وەک رۆڵەی دایک دەبینێ لە لایەکی تر خۆی لێ بێبەری دەکات، لە چەمک و زانستی ژنۆلۆژی دا مایەی پەسند نیە. لە ئامێرەکانی دا ناڕێسرێت. لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت و بەر تیری ڕەخنە دەدرێت.
ماڵپەرەکەمان رێی گوزەر بەرەو زانستی ژنناسیە. بە واتایەکی تر و بە گوتنی زانایەک کە دەلێ” خودا یەکە، رێی گەیشتنە ئەو خودایە هەزارە“. ئەم ماڵپەرە ١٠٤ ما–ی کە پیاو بە زوڵم و ستەم لە ژنی دزیوە، دەگەرێنێتەوە و بانگی دابەشکردنی ئەو “ما“یانە لە هەموو کەسێ دەکات. خاوەنداری لە شەڕی دونیایی ئیشتار دەکات، بانگی سەرکەوتن لەو شەڕەدا لەسەر ئەم خاکە لە ساڵی ٢٠١٤ دا وەک هاوارێک گەیشتنە هەموو ویژدانەکان. ژنان لە نەتەوەی جیاواز ڕفێنران و زیاترین ستەمیان لێکرا، کۆیلەکران، لە بازاڕەکان دا فرۆشران، ژنانی کورد، تورکمان، عەرەب، ئاسوری و تەواوی گەلانی دیکە هاواریان کرد لەسەر ئەم خاکە. ئەم ماڵپەرە وەلامێکە بۆ ئەو هاوارە. ئێمەی ژنان لەسەر ئەم خاکە ناچاریان دەنگی ئەو مێخوداوەندانە ببیستین کە رۆژانە بانگمان دەکەین. ئەم ماڵپەرە ئەو دەنگە دەبیستێت، دەنگدانەوەی ئەو دەنگەیە. بۆ زیندووکردنەوەی کەلتوری خوداوەندێتی ژن، بە زانستی ژنۆلۆژی وەلام دەدەینەوە و خاوەنی ئەو بانگەشەیەین.
” تێگەیشتبووم کە دایکە خوداوەندم و ژنی ئەڤین، تا رۆژی ئەمرۆ بە داگیرکاریەکی فێڵبازانە مسقاڵ بە مسقاڵ داخورا، بەرهەمەکەی بە هاوسەرگیری دوو سەرە فڕێدرایە بەر کۆیلەکان. لەبەرامبەر بێدەنگی، خستیان بەر پیاوانی کۆیلە. وەک پیاوێک کە دیاریەکانیانمان بە دڵی خۆمان پەسند نەکرد، هەر باوەڕم دەکرد کە دەبمە کوڕی دایکە خوداوەند و ژنی ئەڤین، هەردەچوو زیاتر بەختەوەر و بەهێزتر دەبووم” لەگەڵ ئەوانەی ئەو بانگ و پێشنیارەی بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان گرنگ دەبینن ، جوڵەی ماڵپەرەکەشمان دەستی پێکرد. جۆش و شانازی بەرێز ئۆجالان بەش دەکات و بانگەشەی وەک رۆڵەیەکی باشی دایکە خوداوەند ڕادەگرێت. لەسەر ئەم خاكە و بە بانگەشەی سەرکەوتن دەیان ساڵ تێکۆشان کرا و لە ئەنجامدا بەهاگەلێک خوڵقێنرا. ژنۆلۆژی لەو بەهایانەوە خوڵقا و مەزن و گەردوونی دەبێت. تێکۆشانی ژن، ئەڤینیی، زانستی مێخوداوەندەکان لەسەر ئەم خاکە بەردەوام دەبێت. ئەو ئامێر و دەزگایانەی کە بۆ ژیان دایهێنا و دایمەزراند هێشتاش کار دەکات. تەشی خوداوەند هێشتاش خول دەخوات، هەر کەسێکی دەیەوێ بیهۆنێتەوە فەرموو ئەوە ژنۆلۆژی….