کتێبی “ڕۆژهەڵات”ی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بڵاوکرایەوە

بە ئاوڕدانەوەیەک لە پڕۆسەی پێکهاتنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، دەبینین کە ژنان بە شێوەیەکی مێژوویی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە گواستنەوەی کولتوردا هەبووە و وەک سەرچاوە و ڕێنیشاندەر ناسراون و لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵگادا کاریگەر بوون و بە واتایەکی تر ڕایەڵەی نێوان نەوەکان بوون. لە ڕوانگەی گێردا لێرنەر وەک یەکێک لە دارێژەرانی مێژووی ژن، مێژووی ژنان بۆ ئازادکردنیان پێویست و گرنگە. بۆیە مێژووی نووسراو هەمیشە لەلایەن پیاوانەوە نووسراوە و بەشێکی زۆر کەم بۆ ژنان تەرخان کراوە و لە هەمان کاتدا شێوێنراوە. لەم مێژووە شێوێنراوەدا کارایی ژنان و کاریگەرییان پشتگوێ خراوە و لە ڕاڤەکردنی ئەزموونەکانی ژنان و تۆمارکردنی چاوپۆشی کراوە. لە لایەکی دیکە مێژووی زارەکی کە بەشێکی گرنگی مێژووی داگیر کردووە و لە شیعر و ئەفسانەدا زیندوو ماوەتەوە و لە پاراستن و بەهێزکردنی یادەوەری بەکۆمەڵدا کاریگەرە. کەواتە بە ڕوانگەیەکی ژنانە، پێویستی بە ڕاڤەکردن و خوێندنەوەیەکی تری مێژوو هەیە. لەم ڕووەوە پێویستی بە پارادایمێکی نوێ، پێناسە و چەمکی دروست و هەڵوەشاندنەوەی تیۆرە باوەکان هەیە. چونکە نەبوونی سەرچاوە و بەڵگەنامەی دروستی مێژوویی یەکێکە لە بەربەستە سەرەکییەکان لە بەردەم ناسین و گەیشتن بە هۆشیاری ژنان. ئەم هۆشیاری و ناسینە کاتێک دێتە دی کە سەرەتا ناسینێک بەرامبەر بە شتی نادروست بەدەست بێنین تا ببێتە تێڕوانینێکی جێگرەوە بۆ ئایندە.

پێکهاتەی پۆزیتیڤیستی زانستی ئێستا کە یەکێکە لە پاڵپشتە سەرەکییەکانی سیستەمی پیاوسالاری، بندەستی و ژێردەستیی ژنانی وەک شتێکی ڕەها ڕەوا کردووە. بێگومان مەعریفەناسی و پەیوەندییە زاڵەکانی ئەم زانستانەش ڕۆڵێکی کاریگەریان لەسەر ئەم بندەستییە هەبووە. باس لە پێکهاتەیەک دەکەین کە بەرهەمەکەی جەنگ، برسێتی، هەژاری، ئاوارەیی، جینۆسایدی ژنان و تێکدانی ژینگەیە و لە کاتێکدا بانگەشەی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانە دەکات کە ستراتیژ و ڕێگاچارەیەکی نییە بۆ دەرچوون. لە بارودۆخێکی وادا کە پێکهاتە زانستییە ئێستاییەکان تووشی لەناوچوون بوون و ڕەخنەیان لێ گیراوە، پێویستی بە شۆڕشێکی پارادایمی هەیە. لەسەر ئەم بنەمایە ژنۆلۆژی بەهاکانی خولقێنراو لەلایەن ژنانەوە کە هەمیشە پشتگوێ خراون، لەسەر بنەمای پارادایمێکی نوێ ئاشکرا دەکات. لە دیدی ژنۆلۆژییەوە سەرچاوەی هەموو ئەو قەیرانانەی کە باسیان لێوە کراوە قەیرانی زانستی پشتبەستوو بە پارادایمی پۆزیتیڤیستییە.

هەر بۆ ئەوەش لە ڕاستای پێشخستنی ڕێبازە نوێیەکانی زانین و زانستدایە، ڕێبازگەلێک کە لە پەیوەندی لەگەڵ ڕوانگەی دەسەڵاتتەوەر دوورن و بە دیدێکی ژنانە هەموو بوارەکانی ژیان ڕاڤە دەکات. لە لایەکی دیکە پێویستە پەیوەندی نێوان بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشدا هەڵسەنگێنرێت. لەم بەرهەم تایبەتەی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لەسەر ڕۆژهەڵات باس لە ڕاستییە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکانی خەباتی ژنانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، ئەم باسانە بە وردی ڕاڤە کراون. بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” کە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ دا بە کوشتنی ژینا ئەمینی لە لایەن ‘ پۆلیسی ئەخلاق’ ی ڕژێمی ئێرانەوە دەستی پێکرد، بە شیکردنەوەی بنەما مێژوویی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئەم بزووتنەوەیە، لە پڕۆسەی پێشکەوتنیدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت. لە لایەکی دیکە قاڵبوونەوە لە پرسی ژن، بەتایبەت لە کوردستان لە ڕەهەندی دیکەوە گرنگە. لە جوگرافیایەکدا  کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا ناوەندی جەنگی دژوار و جینۆسایدی قووڵی کولتووری و فیزیکی بووە و بازنەی ئەم سیاسەتە لەناوبەرانە ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبێت. کەڵەکەبوونی ئەزموون و شێوازە جۆراوجۆرەکانی خەبات لە کوردستان بنەمایەکی بەهێزی بۆ ڕوودانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی فەراهەم کردووە و ئەم خەباتانە هەروا چالاک و بەردەوامن. ئەگەر سەیری ڕەوتی پێشکەوتنی بزووتنەوەی ئازادی کوردستان بکەین، دەبینین ئەم بزووتنەوەیە خەسڵەتێکی فرەڕەهەندی وەرگرتووە و لە سنووری دەوڵەتاندا سنووردار نەماوەتەوە. ئەم خەسڵەتە وای کردووە ئاماژە بەو خاڵە گرنگە بکەین کە قەیرانە سیاسییەکان و دەرئەنجامەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ چارەسەری پرسی کورد چارەسەر نابێت. ناکرێت چاوپۆشی لە ڕۆڵی ژنان بکرێت کە توخمێکی گرنگی بزووتنەوە سیاسییەکانی کوردە. ژنانی کورد سەرەڕای بارودۆخی دژواری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستان کە دەرئەنجامی جەنگ و فشارەکانی دەوڵەت بووە، ئامادەییەکی چالاکیان لەم خەباتانەدا هەبووە و سەرەڕای پارچەبوونی کوردستان، نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم گواستنەوەی ئەزموون و ویستەکانیان لە بەشەکانی تر. بۆ نموونە خەباتی ژنان لە باکووری کوردستان کاریگەری قووڵی لەسەر ژنانی بەشەکانی دیکە کردووە. شۆڕشی ڕۆژاڤا کە وەک شۆڕشی ژنان پێناسە دەکرێت، سنوورەکانی کوردستانی تێپەڕاند و بوو بە یەکێک لە کاریگەرترین شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان لە جیهاندا.  بزووتنەوەی ” ژن، ژیان، ئازادی” لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەمان کاریگەری هەبووە و نەک تەنها ژنانی هەموو بەشەکانی کوردستان، بەڵکوو کاریگەری لە هەموو ژنانی جیهانی کردووە و هێشتا بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە کە بێگومان ناکرێت چاوپۆشی لە ڕۆڵی کاریگەری دەستکەوتە هاوبەشەکانی ژنان لە بەشەکانی تری کوردستان لەسەر ئەم بزووتنەوەیە بکرێت.

دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بەرهەم و میراسی خەبات و بەرخودان لە کوردستانە کە لە پڕۆسەیەکی مێژووییدا پێکهاتووە و ڕیشەی لە تێکۆشانی زیاتر لە چل ساڵەی ژنان دژی ستەمی ڕەگەزی، دەوڵەتی و دەسەڵاتخوازییە. بۆیە “ژن، ژیان، ئازادی” دروشمێکی شۆڕشگێڕ و وەرچەرخێنەرە کە هاوپشتییەکی قووڵی لە نێوان ژنانی هەموو بەشەکانی کوردستان و ئێراندا دروست کرد و بە واتایەکی تر گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی و کولتووری قووڵی خولقاند کە هیوای دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتیک و ئازادە. ئەم دروشمە ڕایەڵەیەکی قووڵی لەگەڵ کولتووری ژنان لە جوگرافیای دێرینی مێزۆپۆتامیادا هەیە کە یەکەم شوێنی کۆمەڵایەتیبوونە و دەربڕی پێکهاتنی ژیانی کۆمەڵایەتییە لە دەوری کولتووری ژن-دایک و ئەم دروشمە خاوەنی بنچینەیەکی دێرینی وەهایە کە لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستاندا وەک وشەی تەلیسماوی لە تەنیشت یەکترەوە دانراون و ئەمڕۆ بووەتە مانیفێستی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بە وتەی هەڤاڵێک؛ ” وەک ئەوەی کولتووری ژن-دایک لە مێزۆپۆتامیا جارێکی تر خۆی بە بیر ئێمە دێنێتەوە”. لە لایەکی تریش نهێنی ناکارایی هەندێک لایەن لە شێواندن و بەتاڵکردنی واتای ناسنامەی ئەم دروشمە، لە ڕیشەداربوونی مێژوو و فەلسەفەی ئەم دروشمەدایە.

ڕاپەڕینی ڕادیکاڵی خەڵکی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەوێک ڕووی نەداوە، بەڵکوو پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ نەریتی بەرخودان و بەرگری لە بەرامبەر ستەم لە درێژایی مێژوودا هەیە و نابێت ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە لە بەستێنە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکەی جودا بکرێتەوە، چونکە ئەم بزووتنەوەیە وەک هەر بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک بەهای مەعنەوی، ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی بەرپا بووە. ئەم بزووتنەوەیە بە هەمووانی نیشان داوە کە ژنان هەمیشە بکەری سەرەکی شۆڕش بوون و هەن و بەبێ لەبەرچاوگرتنیان وەک پایەی سەرەکی شۆڕش ناتوانرێت پێناسەیەکی دروست بۆ شۆڕش بکرێت. لە لایەکی دیکەوە بەهۆی بەردەوامبوونی جەنگ و ناکۆکی لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە پاڵ کاریگەری قووڵی کولتووری باوکسالاری، حوکمڕانی دەوڵەت-نەتەوە و ئایینگەرایی، بەردەوامی و چالاکی خەباتی ژنان شتێکی پێویستە. “ژن، ژیان، ئازادی” وەک دروشمێکی گۆڕینی زهنیەتی پیاوسالاری زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا، ڕۆڵێکی مێژووسازیی گێڕا. لەسەر ئەم بنەمایە زیاتر لە گۆڕانکاری سیاسی، پێویستی بە گۆڕان و شۆڕشێکی زهنیەتی هەیە کە بێگومان یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم بزووتنەوەیەیە.

لە کتێبی ژنۆلۆژی ” ڕۆژهەڵات” جگە لە تیشکخستنە سەر بەستێنە مێژووییەکانی خەباتی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پڕۆسەی پێکهاتن و بەردەوامیی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”، ڕاڤەکردنی پێکهاتەی پیاوسالاری لە ئێران و کاریگەرییەکانی مۆدێرنیزم، سیاسەتی جەستە، دۆخی زیندانییە سیاسییە ژنەکان لە زیندانەکانی ئێران، شیکردنەوەی سیاسەتی سڕینەوە و نکۆڵیکردنی گەلان لە ئێران لەلایەن نووسەرانی ئەم فایلەوە بە وردی شیکراوەتەوە. بێگومان ڕاڤەکردنی ئەم قۆناغە لە خەباتی ژنان، کۆمەک بە وێناکردنی داهاتوویەکی ئازاد و دیموکراتی بە ئامادەبوونی ژنان، دەدات.

ئەم کتێبە ١٠ گوتار و چاوپێکەوتنی بنکۆڵی لەسەر شیکار و خوێندەوەی  کۆمەڵناسییانەی بۆ بارودۆخی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران  و سەرچاوەی فەلسەفە و داهێنەری دروشمی ” ژن، ژیان، ئازادی ” دەکۆڵێتەوە کە لە ئاستی گەردوونیدا دەنگی دایەوە. ئەم کتێبە ئەم بابەتانە لەسەر خۆدەگرێت:

ناوەرۆک:

١- وتاری دەستەی نووسەران…

٢- توێژینەوەیەکی دۆخی مێژوویی، کۆمەڵایەتی، کولتووری ژنان- ئەوین زیلان…

٣- کاریگەری پیاوسالاری و نوێگەرایی (مۆدێرنیزم) لەسەر ژنان – ڕوشین عوسمان…

٤- کاروانی هەزاران ساڵە بەرەو ئازادی – خانێ ئانوش…

٥- چاوپێداخشاندنێک بە توندوتیژی ڕەگەزیی و دەستدرێژی زیندانیانی ئێران و بەرخودانی ژنان لەبەرامبەریاندا- پونە ئاشتیانی…

٦- چه‌پی ئێران و شۆڕشی” ژن، ژیان، ئازادی”: ڕۆڵگێڕە نەبینراوەکان – مهتاب محبوب…

٧- ڕیشەی ستەمکاری، لەڕووی نکۆڵی و سیاسەتی سڕینەوە – هێرۆ خەسرەوی…

٨- شیکاری سیاسی جەستەی ژن لە ڕاپەڕینی ژینادا- ئەوین ڕۆژهەڵات…

٩- بەشداریی ژنان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا- په‌یمان وه‌لی…

١٠-سەرکەوتن هەر بۆ ئێمەیە (بەرخودان ژیانە) چیرۆکی ژیانی کوێستان داودی- ئاکادیمیای ژنۆلۆژی…

١١- چاوپێکەوتن: گەردوونیبوونی تێکۆشانێک کە پشتی بە خۆی بەستووە (توێژینەوەیەکی ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” –  گفتوگۆ لەگەڵ چیمەن ئاراس…

کتێبەکە پێشکەش بە ژینا ئەمینی و ناگیهان ئاکارسەل کراوە.

دەتوانن کتێبی ژنۆلۆژی ” ڕۆژهەڵات” لەم بەستەرەدا دابەزێنن ( کتێبی ژنۆلۆژی ڕۆژهەڵات)

You might also like