هاوژیانى ئازاد
تا په‌یوه‌ندى نێوان ژن و پیاو ده‌رکى پێنه‌کرێت، هیچ کێشه‌یه‌کى کۆمه‌ڵایه‌تى به‌پێى پێویست ده‌رکى پێناکرێت و چاره‌سه‌ریش ناکرێت. چونکه کێشه‌کانى په‌یوه‌ندى نێوان ژن ـ پیاو بناغه‌ى کێشه‌کانى کۆمه‌ڵگا پێکدێنێت. دامه‌زراوه‌ى هاوسه‌رێتى که له کۆمه‌ڵگاى پله‌دارى و شارستانى به‌شێوه‌یه‌کى یه‌کلایه‌نه به‌سه‌ر ژن‌دا ده‌سه‌پێنرێت، به‌مجۆره بناغه‌ى دامه‌زراوه‌یه‌کى کۆیلایه‌تى و پاشکۆیه‌تیه‌ک داده‌نرێت که له‌سروشتدا هیچ بوونه‌وه‌رێک تێیدا ناژیت و تایبه‌ت به کۆمه‌ڵگاى مرۆڤه. یه‌که‌مین ستاتۆى چهوسێنهرـ چه‌وساوه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى، چینایه‌تى و نه‌ته‌وه‌یى به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه هه‌ڵده‌کشێت. دیسان ئه‌و واقیعه له‌ژێر هه‌مووجۆره شه‌ڕ و پێکدادانێکدا شاراوه‌یه. ئه‌و شته‌ى مێژووى شارستانى به‌تایبه‌تیش دوا قۆناغه‌که‌ى، مۆدێرنیته‌ى سه‌رمایه‌دارى، شاردویه‌تیه‌وه، به‌شێوه‌یه‌کى پێچه‌وانه و نه‌رێنى پیشانیداوه ئه‌و راستیانه‌ى سه‌باره‌ت به ستاتۆى کۆیلایه‌تى ژنه؛ ژن که له کۆمه‌ڵگاى شارستانى ناوى له‌گه‌ڵ شه‌یتان هاوتا و یه‌کسان کراوه، له سۆسیۆلۆژیاى مۆدێرنیته‌دا ماڵیکراوترین که‌سایه‌تى کۆنفۆڕمیزمه1، وه‌چه‌خه‌ره‌وه و دایکى منداڵان و کارکه‌ره بێدهستههقهکهى ماڵه‌وه‌یه.
تێگه‌یشتنى سه‌رجه‌م شێوه و ناوه‌ڕۆکى ئاستى ئه‌و کۆیلایهتیهى به‌ده‌ستى پیاوى چه‌وسێنه‌ر و زۆرداره‌وه به‌هه‌زاران ساڵ ده‌رخواردى ژیانى ژن دراوه ده‌بووایه یه‌که‌مین هه‌نگاوى سۆسیۆلۆژیاى راستیه‌کان بێت. چونکه فۆڕمه‌کانى چه‌وسانه‌وه و کۆیلایه‌تى ئه‌و بواره شێوه‌ى به‌رایى سه‌رجه‌م شێوه‌کانى چه‌وسانه‌وه و کۆیلایه‌تى کۆمه‌ڵگایه. پێچه‌وانه‌که‌شى له‌جێگاى خۆیدایه. تێکۆشانى ئازادى و یه‌کسانى به‌رامبه‌ر ئه‌و چه‌وسانه‌وه و کۆیلایهتیهى ده‌رخواردى ژیانى ژن دراوه، هه‌روه‌ها ئاستى ده‌ستکه‌وته‌کانى ئه‌و تێکۆشانه‌ش بناغه‌ى تێکۆشانى ئازادى و یه‌کسانییه به‌رامبه‌ر چه‌وسانه‌وه و کۆیلایه‌تى سه‌رجه‌م بواره‌کانى کۆمه‌ڵگا. هۆکارى سه‌ره‌کى پهرهنهسهندنى ته‌ندروستانه‌ى تێکۆشانى ئازادى و یه‌کسانى له‌مێژووی شارستانى و مۆدێرنیته‌ى سه‌رمایه‌داریدا و به‌ده‌ست نه‌هێنانى سه‌رکه‌وتنێکى به‌هێز، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تێنه‌گه‌یشتنى زهنیه‌ت و دامه‌زراوه‌کانى چه‌وسانه‌وه و کۆیلایه‌تی که ده‌رخواردى ژیانى ژن دراوه و شێوه‌ى پێدراوه. هه‌روه‌ها تێکۆشان له‌به‌رامبه‌ریاندا به‌بنه‌ما وه‌رنه‌گیراوه. پێشینان گوتوویانه؛ ماسى له‌سه‌ریه‌وه بۆگه‌ن ده‌بێت. کاتێک بناغه قایم و راست نه‌بێت، ئه‌وا ئه‌و ته‌لاره‌ى ئاوا ده‌کرێت خۆى به‌رامبه‌ر بچووکترین زه‌مینله‌رزه ناگرێت و له‌رووخان رزگارى نابێت. ئه‌و واقیعه‌ى له‌مێژوو و رۆژگارى ئه‌مڕۆماندا روویداوه پڕ له‌و نموونانه‌یه.
له‌و سۆنگه‌یه‌وه؛ قاڵبوونه‌وه له‌سه‌ر دیارده‌ى ژن، هه‌روه‌ها له کاتى هه‌وڵه‌کانى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى کۆمه‌ڵگا به سهرچاوهدانانى ژیانى ژن بۆ هه‌وڵه‌کانى ئازادى و یه‌کسانى؛ هه‌م پێویسته ببێته رێبازى سه‌ره‌کى، هه‌م ببێته بناغه‌ى هه‌وڵه زانستى و ئه‌خلاقى و ئیستاتیکهکان. رێبازێکى توێژینه‌وه‌ى بێبه‌ش له راستى ژن، تێکۆشانێکى ئازادى و یه‌کسانى که ژنى نه‌کردبێته ته‌وه‌ره‌ى خۆى به‌حه‌قیقه‌ت ناگات، ئازادى و یه‌کسانیش ده‌سته‌به‌ر ناکات.
به‌رله‌هه‌موو شتێک پێناسه‌کردنى ژن و ده‌ستنیشانکردنى رۆڵه‌که‌ى له‌ژیانى کۆمه‌ڵگادا بۆ ژیانى راست مه‌رجه. به‌هۆى تایبه‌تمه‌ندییه بایۆلۆژى و ستاتۆ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌ى ژنه‌وه ئاماژه به‌و داوه‌رییه ناکه‌ین. وه‌ک که‌ینونه و بوونێک ده‌سته‌واژه‌ى ژن گرنگه. به‌و راده‌یه‌ى ژن پێناسه بکرێت ئه‌گه‌رى پێناسه‌کردنى پیاویش هه‌یه. له‌میانه‌ى ده‌ست پێکردن به پیاوه‌وه ناتوانین پێناسه‌یه‌کى راست بۆ ژن و ژیان بکه‌ین. بوونى سروشتى ژن لهپێگهیهکى ناوه‌ندى تر دایه. له‌بوارى بایۆلۆژیشه‌وه دۆخه‌که به‌مجۆره‌یه. بچوککردنه‌وه‌ى ستاتۆ و بێکاریگه‌رکردنى ژن له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگاى پیاوسالاریه‌وه پێویسته تێگه‌یشتنى راستى ژنمان لێبه‌ربه‌ست نه‌کات. سروشتى ژیان زیاتر په‌یوه‌ندى به ژنه‌وه هه‌یه. په‌راوێزخستن و بهدهرنانى ژن له ژیانى کۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌و راستییه ناگۆڕێت، به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌یسه‌لمێنێت. پیاو به هێزه له‌ناوبه‌ر و زۆردارهکهیهوه له‌راستیدا لهکهسایهتى ژن‌دا هێرش ده‌کاته سه‌ر ژیان. به‌و سیفه‌ته‌ى باڵاده‌ستى کۆمه‌ڵگایه دوژمنایه‌تى پیاو بۆ ژیان و وێرانکردنى له‌نزیکه‌وه پابه‌ندى ئه‌و واقیعه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌یه که تێیدا ده‌ژیت.
کاتێک ئه‌و داوهریهمان ده‌که‌ین به‌گه‌ردوونى ده‌شێت دوالیزمى وزه – مادده به‌بنه‌ما بگرین. به به‌راورد له‌گه‌ڵ مادده وزه سهرهکیتره. خودى مادده‌ش وزه‌ى به بونیاد بووه. مادده‌ش شێوه‌ی شاردنه‌وه‌ى وزه و بوونهکهیهتى که بووه به فۆڕم. به‌و تایبهتمهندێتیهوه مادده وزه ده‌خاته قه‌فه‌سه‌وه و لێشاو و جووڵهکهى ده‌وه‌ستێنێت. پشکى وزه‌ى هه‌ر فۆڕمێکى مادده لێک جیاوازه. هه‌ڵبه‌ته ئه‌و جیاوازیه‌ى وزه‌ش جیاوازى نێوان فۆڕم و بونیاده مادییه‌کان ده‌ست نیشان ده‌کات. وزه‌ى مادده و فۆڕمى ژن له‌گه‌ڵ وزه‌ى مادده‌ى پیاو جیاوازه. ئه‌و وزه‌یه‌ى ژن هه‌ڵیگرتووه هه‌م زیاتره هه‌م چۆنیه‌تى وزه‌که جیاوازتره. فۆڕمى ژن سه‌رچاوه‌ى ئافراندنى ئه‌و جیاوازیه‌یه. کاتێک له سروشتى کۆمه‌ڵگا وزه‌ى پیاو بۆ ئامێره‌کانى ده‌سه‌ڵات ده‌گۆڕێت دۆخى شێوه و فۆڕمى ماددی به‌ده‌ست دێنێت. به‌و سیفه‌ته‌ى وزه‌ى ساردهوهبووه شێوه‌کانى له‌ته‌واوى گه‌ردوون محافه‌زه‌کارن. بوون به پیاوى زاڵ یان باڵاده‌ست له‌کۆمه‌ڵگادا گه‌یشتنه به دۆخى شێوهگرتنى ده‌سه‌ڵات. به‌و حاڵهتهشیهوه ئه‌و وزه‌یه‌ى هه‌ڵیگرتووه زیاتر فۆڕمى به‌ده‌ستهێناوه. ئه‌و وزه‌یه‌ى بۆ فۆڕم نه‌گۆڕاوه که‌مه و لهکهسانێکى زۆر ده‌گمه‌ندا رووده‌دات. هه‌رچى له ژندایه له‌زۆربه‌ى حاڵه‌ته‌کاندا وزه نابێته فۆڕم و ناکه‌وێته ناو فۆڕمێکه‌وه. له ژن‌دا وزه دۆخى لێشاو و بزێوى خۆى ده‌پارێزێت. ئه‌گه‌ر نه‌خرێته ناو فۆڕم و هزرى پیاو و تێیدا به‌ند نه‌کرێت، ئه‌وا به سیفه‌تى وزه‌ى ژیان به‌رده‌وامى به‌لێشاو و بزێوى خۆی ده‌دات. جوانى و شاعیرێتی و پۆتانسێلى ماناى ژن که نه‌بووه به به‌سته‌ڵه‌ک له‌نزیکه‌وه گرێدراوى ئه‌و دۆخه‌ى وزه‌یه. بۆ تێگه‌یشتنى ئه‌و راستیه پێویسته له‌قووڵاییه‌وه ده‌رک به ژیانى زیندوو بکرێت.
په‌ره‌سه‌ندنى ژیانێک که به ژیانى مرۆڤ گه‌یشتووه ده‌شێت تا راده‌یه‌ک پێناسه بکرێت یان پێویسته پێناسه بکرێت. به‌رله‌هه‌موو شتێک پێویسته لێپرسینه‌وه و به‌دواداچوون له‌باره‌ى مه‌به‌ستى ژیان بکرێت، بۆچى ده‌ژین؟ بۆچى ژیان درێژه به‌خۆى ده‌دات، خۆراکى پێده‌دات و به‌رگرى لێده‌کات؟ ئه‌گه‌ر بڵێین؛ ژیان پێویستى به‌خۆراک، پاراستن و زۆربوون هه‌یه، به‌هه‌ر حاڵ به‌شى وه‌ڵامدانه‌وه ناکات. ئه‌و پرسیاره‌ى دواى ئه‌وه زه‌قبکرێته‌وه بۆچى زاوزێ ده‌که‌ین، خۆراک ده‌خۆین و به‌رگرى له‌خۆمان ده‌که‌ین؟ کاتێک وه‌ڵامه‌که‌ى “له‌پێناو ژیان” بێت ئه‌وا ده‌که‌وینه ناو بازنه‌ى نه‌زۆک و به‌تاڵه‌وه. که‌وتنه ناو دۆخى دووباره‌ى بازنه‌ى به‌تاڵه‌وه وه‌ڵام نییه. ئاسته‌کانى زهنیه‌ت و دیارده‌ى تێگه‌یشتن که وه‌ک شێوه‌یه‌کى وزه تا ئاستى مرۆڤ په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌کردنى به‌خۆیه‌وه بینیوه هه‌ندێک سه‌ره‌داوى وه‌ڵام به‌ده‌سته‌وه ده‌دات. په‌ره‌سه‌ندنى گه‌ردوون تا ئاستى مرۆڤ هێزێکى واتا ده‌خاته‌ڕوو که به‌رده‌وام له‌گه‌شه‌کردن دایه. ئه‌و راستیه پۆتانسێل یاخود وزه‌ى شاراوه‌ى گه‌ردوون وه‌ک بڵێى خوازیاره ئاشکرا بێت، ده‌رکى پێ بکرێت و به‌ئه‌نجامێکى به‌مجۆره بگات. پێویستى تێگه‌یشتن و حاڵی‌بوون ئاره‌زووى سه‌ره‌کى گه‌ردوونه. ئه‌و پرسیاره‌ى له‌و خاڵه به‌دواوه بوروژێنرێت پێویسته سه‌باره‌ت به خودى تێگه‌یشتن و حاڵی‌بوون بێت. ئه‌و شته چییه که خوازیاره تێى بگه‌ین و روون بێته‌وه؟ له په‌رتووکى پیرۆزدا خودا ده‌فه‌رمووێت “من نهێنى و پهنهانیهک بووم، بۆ لێتێگهیشتنم گه‌ردوونم ئافراند”، له‌وانه‌یه ئه‌وه وه‌ڵامێکى پرسیاره‌که‌مان بێت، به‌ڵام تێر‌و ته‌سه‌ل نییه. پێویستى تێگه‌یشتن یان بوون به بابه‌تى تێگه‌یشتن ته‌واو تێرى پێناسه‌کردنى واتا ناکات. به‌ڵام تا راده‌یه‌ک نهێنى ژیان ئاشکرا ده‌کات.
پێناسه رههاکهى هیگل یش له‌باره‌ى رۆحه‌وه مانایه‌کى هاوشێوه‌ی هه‌یه. به‌گوێره‌ى بۆچوونى هیگل لهرێگاى رۆحى ره‌هاوه گه‌ردوون به‌شێوه‌یه‌کى مه‌عریفى و هوشیار بۆخۆى گه‌ڕاوه‌ته‌وه. گه‌ردوون که خوازیاره په‌ى پێ ببه‌ن یان لێى تێبگه‌ن له‌میانه‌ى مه‌عریفه‌ى فه‌لسه‌فیه‌وه ــ که به‌قۆناغى فیزیکى، بایۆلۆژى و کۆمه‌ڵایه‌تیدا تێپه‌ڕیوه و لێهاتووترین دۆخى مه‌عریفه‌یه ــ واته لهرێگاى رۆح یان هزرى ره‌هاوه دڵنیابووه که خۆى ئاشکرا کردووه، به‌مجۆره‌ش خۆى کردووه به‌گه‌ردوونى ناسراو، ده‌رک پێکراو و سهرکێشیهکهى خۆى ته‌واو کردووه. ئه‌و داوه‌ریانه که پشکى گرنگى حه‌قیقه‌ت له‌خۆوه ده‌گرن مه‌به‌ستى ژیان له‌گه‌ڵ واتادا یه‌کسان ده‌کات. ده‌سته‌واژه‌ى “تیۆریا”ی فه‌لسه‌فه‌ى یۆنانیش ماناى هاوشێوه له‌خۆوه ده‌گرێت. وه‌ک ئه‌نجام “واتا” بهئیلاهیبوونى مرۆڤى بهکۆمهڵگابووه. لێره‌دا پرسیارى گرنگ ئه‌وه‌یه: بهئیلاهیبوونى مرۆڤى بهکۆمهڵگابوو یان ئه‌و هێزه‌ی واتا که به‌ده‌ستیهێناوه ده‌توانێت نوێنه‌رایه‌تى سه‌رجه‌م ماناى گه‌ردوون بکات یاخود گوزارشتیان لێبکات؟ ئایا ده‌شێت زۆرترین واتاى (رۆحى ره‌هاى هیگل) به کۆمه‌ڵگابوون له‌گه‌ڵ خودى ماناى گه‌ردوونى هاوتا بکرێت؟ ئایا خودى کۆمه‌ڵگا بوونه‌وه‌رێکى ناته‌واو نییه؟ له دۆخێکى وه‌هادا ئایا ماناکه‌شى ناته‌واو نابێت؟
به‌و دۆخه‌ى مرۆڤبوونمان ناتوانین به ته‌واوى وه‌ڵامى ئه‌و پرسیارانه بده‌ینه‌وه. چونکه ئێمه به‌کۆمه‌ڵگاوه سنووردار کراوین. نابین به بوونه‌وه‌رێکى بان ـ کۆمه‌ڵگا. ته‌نیا ده‌توانین بپرسین. ئه‌وه‌یه چاره‌نووسمان، به‌ڵام پرسیارکردنیش نیوه‌ى تێگه‌یشتنه. له‌و سۆنگه‌وه؛ ده‌شێت سه‌ره‌داوه‌کانى سه‌باره‌ت به تێگه‌یشتن ماناى ره‌ها به‌ده‌سته‌وه بدات. ئێستاکه ده‌توانین تێبگه‌ین و دڵنیابین که گه‌یشتن بهدۆخى ماناداربوون زۆر گرنگه و تابڵێى نزیک به مه‌به‌ستى سه‌ره‌کى ژیان بووینه‌ته‌وه. ئیتر ده‌کرێ بڵێین؛ ده‌توانین پرسیاره سه‌ره‌کیه‌کانى ده‌رهه‌ق به خودى ژیانى مانادار شیکار بکه‌ین، به‌لانى که‌م توانا و به‌هره‌ى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ژیانێکى کۆمه‌ڵایه‌تى راست، جوان و دادوه‌رانه‌ى خوازراومان هه‌بێت.
کاتێک له‌میانه‌ى ئه‌و دیدگا فه‌لسه‌فیه‌وه روو له‌راستى ژن بکه‌ین، به‌و ئه‌نجامه ده‌گه‌ین که پێویسته رایه‌ڵه‌ى ژیانى مانادار له‌گه‌ڵ لایه‌نه چاک، راست و جوانهکانى ژن‌دا ببه‌ستین. کاتێک له‌میانه‌ى ئه‌و داوه‌ریه‌وه ته‌ماشه‌ى مه‌سه‌له‌که بکه‌ین ئه‌وا ناشێت ئامانجى بنه‌ڕه‌تى ژیان له‌گه‌ڵ ژن‌دا زاوزێ و زۆربوون بێت. له‌وانه‌یه بڵێن ساده‌ترین زینده‌وه‌ره تاکخانهکانیش ئاگادارى زۆربوونن و له‌وانه‌یه تاکه ئامانجى ژیانیشیان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه کۆد کرابێت. به‌ڵام ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ى گه‌شه‌ى کردووه پیشانمان ده‌دات که خۆ دابه‌شکردنى تاکخانه بۆ دووبهشى یه‌کسان کۆتایى ژیان نییه، به‌ڵکو ئه‌و چالاکیه‌ى تاکخانه که به ملیۆنان جار دابه‌ش بووه له‌جیاتى کۆتایى هێنان به ژیان به‌ڵکو به‌خێرایى به‌ره‌و هه‌مه‌ڕه‌نگى و جیاوازى بردووه، هه‌ربۆیه‌ش وه‌ڵامه واتادارهکهى دواتر زۆربوون نییه، به‌ڵکو گۆڕانکارى و وه‌رچه‌رخانه. زۆربوون ئامرازێکى پێویستى ژیانه، به‌ڵام بۆ تێگه‌یشتنى هه‌رگیز به‌ش ناکات. زۆربوون ئامرازه، ئامانج یاخود مانایى نییه. به‌مانایه‌کى تر ژیانێک تاکه ماناى زۆربوون بێت ژیانێکى زۆر ناته‌واو و بهکهموکوڕییه. کاتێک لهزیندهوهرێکى تاک خانه‌دا ره‌وش به‌مجۆره بێت، ئه‌وا ژیانى مرۆییانه له‌گه‌ڵ ژن‌دا ته‌نیا به‌ستنه‌وه‌ى بهزۆربوونى زایه‌ندى و زیادبوون، ته‌نیا ناته‌واوى ماناى ژیان نییه، به‌ڵکو گوزارشت لهکوێربوونى ژیان ده‌کات. هه‌ڵبه‌ته به‌گوێره‌ى ئه‌وه‌ى زۆربوون لای ژن به‌شێوه‌ى ئه‌میبیا روونادات، کاتێک له ژیانى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ژن‌دا زاوزێ ده‌کرێت به ناوه‌ند و ئامانجى ژیان واته ماناى پێویست له په‌ره‌سه‌ندنه شکۆداره‌که‌ى زینده‌وه‌ران به‌ده‌ست نه‌هێنراوه. که‌چى لهرێگاى ته‌کنۆلۆژیاى رۆژى ئه‌مڕۆماندا گرفتى که‌مى ژماره‌ى دانیشتوان له‌کۆمه‌ڵگاى مرۆڤدا به‌ته‌واوى ده‌ربازکراوه. که‌مى ژماره‌ى جۆرى مرۆڤ نه‌بۆته کێشه، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و زۆربوونهى که ئیتر له‌سه‌ر رووى دونیا جێگاى نابێته‌وه چه‌نده‌ى ده‌چێت ده‌بێت بهکێشهیهکى گه‌وره. هه‌روه‌ک لهزیندهوهرى تاکخانهشدا سه‌لمێنراوه وه‌ک پێویستیه‌کى خێراییه‌که‌ى و گرێدانى به‌ئاسته بهراییهکهى: هه‌ر زۆربوونێک ماناى مردنه. له‌ته‌واوى جۆره‌کانى په‌ره‌سه‌ندن زۆربوونى جه‌سته‌یى مانایه‌کى به‌مجۆره‌ش له‌خۆوه ده‌گرێت. ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ى کۆتاییه‌که‌ى مردنه له‌و بڕوایه‌دایه لهرێگاى زۆربوونه‌وه ده‌توانێت خۆى بۆ هه‌میشه بژێنێت، به‌ڵام ئه‌وه به‌هه‌ڵه‌داچوونه. درێژه‌دان به‌خود لهرێگاى کۆپیهکهیهوه له‌وانه‌یه پێویستى ئاسایش و ئاره‌زووى ته‌ڤلیبوون بهئهبهدیهت دڵنیا بکات، به‌ڵام نایکات به‌واقیعى و راسته‌قینه.
به‌کورتى؛ فه‌لسه‌فه‌یه‌کى ژیان که پشت به زاوزێ له‌گه‌ڵ ژن‌دا ده‌به‌ستێت واتایه‌کى جددی نییه. له‌کۆمه‌ڵگاى چینایه‌تیدا به‌هۆى دیارده‌کانى له‌جۆرى میرات و به‌هێزبوون ماناى له‌ژنى وه‌چه‌خه‌ره‌وه بارکردووه. ئه‌مه‌ش مانایه‌کى په‌یوه‌ست به‌چه‌وسانه‌وه و سه‌رکوتکردنه و بۆ ژنیش نه‌رێنییه. واته ئه‌و ژنه‌ى زاوزێى زیاتر ده‌کات، زووتر ده‌مرێت. ژیانێک که به‌هاى ماناى له‌گه‌ڵ ژن‌دا زۆر به‌رزبێت: یان وهچهخستنهوهیهکى زۆر که‌م، یانیش ئه‌گه‌ر کێشه‌یه‌کى له‌چه‌شنى زیادبوونى ژماره‌ى دانیشتوانى جۆرى مرۆڤ له‌ئارادا نه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنه به‌دیدێت که هیچ زاوزێ نه‌کات. خستنه‌وه‌ى وه‌چه‌ى زۆر بۆ ئه‌و گه‌له کۆڵۆنى و دواکهوتووانهى وه‌ک تاک و کۆمه‌ڵگا خۆیان به‌هێزى سیاسى و رۆشنبیرى پێشنه‌خستووه، ده‌شێت وه‌ک به‌رگرى خۆیى به‌هایه‌کى هه‌بێت. وه‌ڵامدانه‌وه‌ى قڕکردن له‌رێگه‌ى زۆرکردنى بنه‌چه‌وه رێبازێکى به‌رخودان و هێشتنه‌وه‌ى بوونى خوده. به‌ڵام ئه‌وه به‌رگرى خۆیى ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌یه که هێنده ده‌رفه‌ت و شانسى ژیانى ئازادیان نییه. هه‌ربۆیه‌ش له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ى ئاستى ما‌نایان تا ئه‌و راده‌یه نزمه ژیانێک له‌گه‌ڵ ژن به‌دینایه‌ت که ئاستهتیک و راستى به‌بنه‌ما گرتبێت. راستى ئێستاى کۆمه‌ڵگاکانى جیهان ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن. له رۆڵى خۆراک دان و پاراستنى ژیان له‌گه‌ڵ ژن‌دا لایه‌نێکى تایبه‌ت و سه‌ربه‌خۆى نییه. خۆراک و پاراستن بۆ هه‌ر زینده‌وه‌رێک پێویسته و له‌جێگاى خۆیدایه. گفتوگۆکردن سه‌باره‌ت به ژیانێکى بێ ژن یاخود بێ پیاو مانایه‌کى ئه‌وتۆى نییه. له‌سه‌رجه‌م ژیانى توخم یان ناتوخمهکاندا دیارده‌ى نێرینه ـ مێیینه جێگاى باسه. له‌و سۆنگه‌یه‌وه؛ کێشه له‌گه‌ڵ خودى هاوژیانى نییه، په‌یوه‌ندى به‌و مانایهیهتى که له‌کۆمه‌ڵگاى مرۆڤدا هه‌یه.
شێوه‌ى ژیانى کۆمه‌ڵگاى مرۆڤ وه‌ک شێوه‌ى ژیانى هه‌ر جۆرێکى زینده‌وه‌ر نییه. تایبه‌تمه‌ندێتى ئاواکردنى دیارده‌ى ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایى ناوخۆیى و حوکمڕانى سه‌ر سروشت له‌خۆوه ده‌گرێت. هه‌ر وه‌ک له‌ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌دا ده‌بینرێت له‌بوارى چه‌ندایه‌تى و چۆنایه‌تیدا راکردن به‌دواى نه‌ته‌وه‌ى به‌هێز له‌وانه‌یه هه‌ساره‌ى ژیانمان بکات بهگۆڕستانى ژیان. ئه‌و شێواندن و لادانه‌ى ئێره سه‌رچاوه‌ى خۆى له کۆمه‌ڵگاى پیاوسالارى وه‌رده‌گرێت. ئه‌و ههژموونگهراییهى باڵاده‌ستى پیاو له‌سه‌ر ژیانى ژنى ئاواکردووه هه‌ساره‌که‌مان به‌دۆخێک ده‌گه‌یه‌نێت ده‌رفه‌تى ژیانى تێدا نه‌مێنێت. لهرێگاى په‌ره‌سه‌ندنى بایۆلۆژییه‌وه به‌و ئه‌نجامه ناگات، به‌ڵکو له‌میانه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ههژموونگهرایى پیاوسالاریه‌وه پێى ده‌گات. هه‌ر بۆیه‌ش پێویسته به‌یه‌که‌وه ژیان له‌گه‌ڵ ژن‌دا له‌دیارده‌ى ده‌سه‌ڵاتى ههژموونگهرایى پیاوسالارى رزگارى بێت. وێڕاى ئه‌وه‌ى ژن ژیانى که‌وتۆته ژێر حکومڕانیه‌وه و به‌ملیۆنان ساڵ له‌میانه‌ى خه‌سڵه‌تى وه‌چه‌خستنه‌وه مرۆڤایه‌تى ژیاندووه، به‌ڵام لهرێگاى مۆدێرنیته‌ى سه‌رمایه‌دارییه‌وه ئه‌و وه‌چه‌خستنه‌وه به‌شێوه‌یه‌کى ئیرۆنیک کۆتایى به‌ژیان دێنێت. ژیان له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنه‌ى له‌ژێر ستاتۆى ئێستا دایه هه‌واڵى کۆتایى ژیان ده‌دات. هێما ناکۆتاکانى ئه‌و راستییه له‌ئارادایه. ئه‌گه‌ر ریزیان بکه‌ین:
أ ـ زیادبوونى ژماره‌ى دانیشتوان به ئاستێک گه‌یشتووه چیتر لهههسارهکهمان جێگاى نابێته‌وه و جۆره‌کانى دیکه‌ى زیندهوهرانیشى خستۆته ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه. ئه‌و شێوازه‌ى ژیان له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنه‌ى له‌ژێر ستاتۆى ئێستادایه به‌خێراییه‌کى به‌رده‌وامه‌وه، هه‌ڕه‌شه له ئیکۆلۆژیا و سروشتیبوونى ژیان ده‌کات.
ب ـ هه‌روه‌ها ئه‌و ژیانه له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ى کۆمه‌ڵگاکان رێگا له‌پێش توندوتیژى بێ سنوورى ده‌سه‌ڵات ده‌کاته‌وه. ئه‌و ئاسته‌ى میلیتاریزم پێى گه‌یشتووه به‌شێوه‌یه‌کى تێروته‌سه‌ل ئه‌و راستییه ده‌سه‌لمێنێت.
ج ـ لایه‌نى زایه‌ندى (سێکسى) ژن کراوه به ئامرازێکى مه‌ترسیدارى به‌کارهێنان، چه‌وسانه‌وه و سهرکوتکردنێکى سامناکى له‌سه‌ر ئاواکراوه. ژیان به ته‌واوى دووچارى لادان کراوه، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ گومڕابوون و لادانێکى زایه‌ندى هاوتا کراوه که زۆر بێمانایانه دووباره ده‌بێته‌وه.
د ـ ئه‌و ژنه‌ى هه‌نگاو به‌هه‌نگاو ده‌سڕێته‌وه، به‌شێوه‌یه‌کى زۆره‌ملێیانه ده‌کرێته ئامرازێکى به‌رده‌وامکردنى وه‌چه، کاڵاى سێکسى و هه‌رزانترین هێزى کار. وه‌ک بڵێی هیچ مانایه‌کى دیکه‌ى نییه.
ه ـ جۆرێک له ژینۆسایدى کلتوورى له‌سه‌ر ژن به‌ڕێوه‌ده‌برێت. به‌ڵام به‌هۆى لایه‌نى زایه‌ندى و رۆڵى به‌رده‌وامکردنى وه‌چه ژن وه‌ک ئه‌ندامێکى سوپاى بێکاره که‌م کرێکان یان بێ کرێکان به‌هایان پێده‌درێت. له‌و هێزه خۆییه بێبه‌شکراوه که له‌بوارى جه‌سته‌یى و ئه‌خلاقى و ماناییه‌وه بتوانێت به‌رگرى له‌خۆى بکات.
و ـ کۆمه‌ڵگایه‌ک له‌ژێر ئه‌و فاکته‌رانه‌وه ژن بخاته ناو مهنگهنهى ژیانێکى بێ‌واتا ته‌نیا ده‌شێت کۆمه‌ڵگایه‌کى نه‌خۆش بێت. کۆمه‌ڵگایه‌ک ژنى بێ‌واتا بێت، خۆیشى بێ‌مانا ده‌بێت.
ئه‌و هێمایانه‌ى ده‌توانین زیاتریان ریزبکهین به‌شێوه‌یه‌کى روون پێویستى خێراى وه‌رچه‌رخانى ریشه‌یى هاوژیانى له‌گه‌ڵ ژن‌دا ده‌خاته‌ڕوو. ژیانى ئازاد له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنه‌دا ئه‌سته‌مه که بێبه‌رگرییه و کراوه به موڵک. له‌بوارى ئه‌خلاقیشدا ئه‌سته‌مه و نابێت. چونکه ته‌نیا له حاڵه‌تى له‌ناوبردنى ئه‌خلاق کۆیلایه‌تى به‌دیدێت. هه‌ڵبه‌ته ئه‌خلاقى هێزه هه‌ژموونگه‌راکان به ئه‌خلاق ناو نابه‌ین. هێزى هه‌ژموونگه‌را، له‌و نێوه‌نده‌دا پیاوێتى زاڵیش ته‌نیا دوای داڕووخانى ئه‌خلاقى کۆمه‌ڵگا به‌دیدێت. به‌گوێره‌ى ئه‌وه‌ى ژیان به بێ ژن نابێت، رزگارکردنى ژیان رزگارکردنى ژن ده‌کات به ناچارییه‌ک. ئه‌و باسه‌ش زیاتر سه‌باره‌ت به‌و ژنه‌یه که له‌ناو بونیادى کۆمه‌ڵگادایه. دونیاى زهنیه‌ت و په‌یوه‌ندیه‌که‌ى گرنگى کێشه‌ى ژن و ناواخنى بایه‌خدارتر ده‌کات. تا زهنیه‌تێک په‌ره‌ى پێنه‌درێت که به‌شێوه‌یه‌کى سه‌رکه‌وتووانه به‌ره‌نگارى ئه‌و هێما نه‌رێنیانه بێته‌وه که له سه‌ره‌وه روونکرایه‌وه، ئه‌وا به‌گشتى به‌شێوه‌ى هاوسه‌ر، به‌تایبه‌تیش ژیان به‌شێوه‌ى هاوژینى ژیانى ئازاد ئه‌سته‌مه. له‌و سۆنگه‌یه‌وه؛ ئه‌و پێویستیانه‌ى وه‌ک تێزى به‌رامبه‌ر بۆ ژیانێکى هاوژینى ئازاد له‌گه‌ڵ ژن‌دا پێویستن به‌و شێوه‌یه کورت ده‌کرێته‌وه:
أ ـ به‌ر له هه‌موو شتێک پێویستى بهدهستهواژهیهکى هاوژینى ئیکۆلۆژى هه‌یه که به‌رده‌وامکردنى ره‌چه‌ڵه‌ک و زۆربوون به‌بنه‌ما ناگرێت، به‌گوێره‌ى بیر و خه‌یاڵى مرۆڤایه‌تى گه‌ردوونییه و ژیان و هه‌بوونى زینده‌وه‌ره‌کانى دیکه‌ى هه‌ساره‌که‌مان ره‌چاو ده‌کات. ئه‌و ئاسته گهردوونییهى کۆمه‌ڵگا پێى گه‌یشتووه ژیانى ئازاد له‌گه‌ڵ ژن‌دا ده‌کات به ناچارییه‌ک. ته‌نیا له‌سه‌ر بنه‌ماى ژیانێکى ئازاد له‌گه‌ڵ ژن‌دا ده‌شێت سۆسیالیزمى راسته‌قینه ئاوابکرێت. ئه‌وله‌ویه‌تى سۆسیالیزم مسۆگه‌ر پێویستى بهجێگیرکردن و گه‌یشتن به‌ئاستى ژیانى ئازاد له‌گه‌ڵ ژن‌دا هه‌یه.
ب ـ له‌و پێناوه‌شدا پێویسته تێکۆشانێکى زهنى و دامه‌زراوه‌یى له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتى ههژموونگهرایى پیاوسالارى بکرێت و له‌ئاستى هاوژینى ئازاد‌دا سه‌رکه‌وتنى ئه‌و تێکۆشانه له‌رووى زهنیی و دامه‌زراوه‌یى مسۆگه‌ر بێت. تا ئه‌و سه‌رکه‌وتنه به‌ده‌ست نه‌هێنرێت هاوژینى ئازاد به‌رجه‌سته نابێت.
ج ـ پێویسته هه‌رگیز ژیان له‌گه‌ڵ ژن به‌ماناى هه‌میشه‌یى کردنى ئاره‌زووى سێکسى و زۆر ئه‌نجامدانى شرۆڤه نه‌کرێت. ژیانى کۆمه‌ڵگاى رهگهزگهرایى (ره‌گه‌زپه‌رستى) که لهرێگاى شارستانى مۆدێرنیته‌ى سه‌رمایه‌داریه‌وه به ئاستى زۆر ترسناک گه‌یه‌نراوه، له‌سه‌رجه‌م بواره هزرى و دامه‌زراوه‌ییه‌کان له‌ناونه‌برێت و پاکنه‌کرێته‌وه، هاوژینى ئازاد ئاوا ناکرێت. له‌و دونیابینى و دامه‌زراوانه‌ى ژن وه‌ک دیارده‌یه‌کى موڵکایه‌تى و ئۆبژهیهکى زایه‌ندى ده‌بینرێت ژیان له‌گه‌ڵ ژن ته‌نیا بێئهخلاقیهکى گه‌وره نییه، له‌هه‌مان کاتدا چه‌په‌ڵترین و چه‌وتترین شێوه‌ی ژیانه. له‌ژێر ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌دا نموونه‌ی دیارده‌یه‌کى دیکه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى له‌ئارادا نییه که له‌و سۆنگه‌یه‌وه؛ پیاوێک ژنێک هێنده بپوکێنێته‌وه و بچووکى بکاته‌وه.
د ـ ته‌نیا له‌و هه‌لومه‌رجانه هاوژیانى ئازاد له‌گه‌ڵ ژن‌دا به‌دى دێت کاتێک موڵکایه‌تى یان بهموڵکردنى ژن ره‌ت بکرێته‌وه، ره‌گه‌زپه‌رستى کۆمه‌ڵایه‌تى به‌کارهێنراو به ته‌واوى ده‌رباز بکرێت و له‌هه‌موو ئاستێک‌دا یه‌کسانى (له‌سه‌ر بنه‌ماى جیاوازییه‌کان) به‌رقه‌رار بکرێت.
هـ هاوژیانى ئازاد ته‌نیا له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنه به‌دیدێت که له‌دۆخى ئامرازى به‌رده‌وامکردنى بنه‌چه و بێکارى و هێزى کارى هه‌رزان یاخود بێکرێ رزگارى بێت و له‌جیاتى ئۆبژه‌بوون له‌هه‌ر ئاستێک‌دا ببێت بهسۆبژه.
ر ـ ته‌نیا له‌ژێر ئه‌و هه‌لومه‌رجه ئه‌رێنیانه ده‌شێت کۆمه‌ڵگا له‌گه‌ڵ هاوژیانى ئازاد بگونجێنرێت، له‌و سۆنگه‌یه‌وه؛ بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کى هه‌لومه‌رجى یه‌کسان و ئازاد بگۆڕێت.
و ـ ئه‌و ژن و پیاوانه‌ى له‌ژێر هه‌لومه‌رجى ئه‌رێنى کۆمه‌ڵگادا په‌ره‌یان به به‌هاى مانایى و بونیادى خۆیانداوه، ده‌شێت خاوه‌نى هاوژیانى ئازادبن.
پێویسته زۆرچاک بزانین که گه‌شه‌کردنى شارستانى هه‌ژموونگه‌را و مۆدێرنیته‌ى سه‌رمایه‌دارى باجه‌که‌ى نکوڵیکرن بوو له هاوژیانى ئازاد. له‌به‌رئه‌وه‌ى ده‌رفه‌تى هاوسه‌نگى هێزى مانایى و بونیادى نێوان ژن و پیاو له‌به‌ین براوه که مه‌رجى ژیانى ئه‌شقى کۆمه‌ڵایه‌تییه ئه‌شق روونادات یان جێگاى باس نییه. ئه‌شق لهههلومهرجهکانى هاوسه‌رگیرى به‌دینایه‌ت که وزه‌ى ماناى له‌ده‌ستداوه و له‌ناکاو له‌میانه‌ى په‌یوه‌ندییه کۆیلایهتیهکانى کۆمه‌ڵگاى کۆیله ئافرێنراوه. له‌به‌ر ئه‌و هۆکاره‌ش کاتێک ده‌رفه‌تى هاوژیانى ئازاد نامێنێت کاریگه‌رى کوشنده‌ى ده‌سه‌ڵاتى مۆدێرن و هه‌ژموونگه‌را ده‌بینرێت. هه‌ربۆیه‌ش ئه‌و ژیانه‌ى وه‌ک پهرچووێکى ته‌لیسماوى له‌لایه‌ن مرۆڤایه‌تیه‌وه پێشوازى لێکراوه له‌و هه‌لومه‌رجانه‌دا به‌هاى ته‌لیسماوى و پهرجوویى خۆى له‌ده‌ست داوه، کراوه به کاره‌ساتێک که به‌خه‌م و خۆکوشتنه‌وه له‌لایه‌ن ژنه‌وه پێشوازى لێده‌کرێت. پێویسته چاک بزانرێت که هاوسه‌رێتى بونیادنانێکى کۆمه‌ڵایه‌تییه. ئه‌و ژیانه له‌نێوان که‌سه نێر و مێیه‌کان به‌دی نایه‌ت؛ به‌ڵکو له‌لایه‌ن ژنێتى و پیاوێتى دروستکراوه‌وه پێکده‌هێنرێت. زۆر چاک ئاگادارین که ئه‌و بونیادنانه هه‌ژموونگه‌راییه هه‌ردوو ره‌گه‌ز (ژن و پیاو) سه‌قه‌ت ده‌کات، په‌یوه‌ندییه‌که‌ى نێوانیشیان به‌مه‌وه کاریگه‌ر ده‌بێت و به‌شێوه‌ى په‌یوه‌ندى ههژموونگهرایى ره‌نگده‌داته‌وه. له‌په‌یوه‌ندى ههژموونگهرایشدا ئه‌شق جێگاى باس نابێت. مه‌رجى سه‌ره‌کى ئه‌شقى مرۆڤ؛ لایه‌نه‌کان خاوه‌ن ئیراده‌یه‌کى هاوسه‌نگى ئازادى بن.
کاتێک شارستانى و مۆدێرنیته له‌میانه‌ى ژیان و ههژموونگهرایى ئایدیۆلۆژى و دامه‌زراوه‌یى په‌یڕه‌و ده‌کرێت، سه‌باره‌ت به بابه‌تى ئه‌شق به‌درێژایى مێژوو له‌ناو دووفاقیدا ده‌مێنێته‌وه. زۆر باسى ئه‌شق ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌نجام نادرێت. به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان ئه‌ده‌بیاتى دونیا بریتییه له‌باسى ئه‌شقه بێ ئاکامه‌کان. ئه‌و داستانانه‌ى لهباسهکانیان ژن به هۆکارى هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕه‌کانیش داده‌نێن به‌ڵگه‌ى ئه‌و راستیه‌یه. ته‌واوى شێوه‌کانى هونه‌ر وه‌ک دان پێدانانى ئه‌شقى بێ ئاکامه، ته‌نانه‌ت ده‌قه ئایینیه‌کانیش به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان کۆنترین شاکاره‌کانى هونه‌رن که به‌شێوه‌یه‌کى به‌هێز له‌خواست و ئاره‌زووه یه‌کلایه‌ن یان بێ ئاکامه‌کانى په‌یوه‌ندى نێوان نێر خوداوه‌ند ـ مێخوداوه‌ند کاریگه‌ر بوون. پیرۆزکردنى هاوژیانى به‌شێوه‌ى “ژیانى تایبه‌ت” له‌لایه‌ن سیسته‌مه‌کانى شارستانیه‌وه سهراوبنکراوترین داوه‌رى حه‌قیقه‌تى کۆمه‌ڵگایه. له‌راستیدا تێگه‌یشتنى گشتى وه‌ک تایبه‌ت، تایبه‌تیش وه‌ک گشتى له‌گه‌ڵ سروشتى کۆمه‌ڵگا گونجاوتره. په‌یوه‌ندییه‌که‌ى هاوژیانى خاوه‌ن کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندییه که له‌ریشه‌وه کاریگه‌رى له‌سه‌ر گه‌ردوونى بوون و سه‌رجه‌م رایه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ده‌کات. گه‌وره‌ترین دووڕوویى شارستانى له‌وه‌دایه؛ ئه‌و په‌یوه‌ندییه گه‌ردوونییه به تاکه دیارده‌یه‌کى دووانه‌یى زۆر مه‌حڕه‌م له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات. ئه‌مه‌ش یه‌کێکه له‌سه‌ره‌کیترین هۆکاره‌کانى بێکهڵکى و بێبایه‌خى زانیارى سۆسیۆلۆژیا. گوته‌ى “ژن یان مرۆڤ ده‌کات به فه‌یله‌سوف یان شێتی ده‌کات” که گوایه تایبه‌ت به سوقراته، له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌نده‌ى ده‌ڵێت: “ژن ده‌تکات به وه‌زیر و رهزیلیشت ده‌کات” دیسان په‌یوه‌ندى به بوارى گشتى راسته‌قینه‌وه هه‌یه. چونکه جیاکردنه‌وه‌ى بوارى “تایبه‌ت”و “گشتى” له‌ناو کۆمه‌ڵگادا چه‌واشه‌کارییه‌کى مۆدێرنیته‌یه. له کۆمه‌ڵگاى راسته‌قینه و ره‌سه‌ندا جیاوازییه‌کى به‌م چه‌شنه هیچ واتایه‌کى نییه. راستیه‌که‌ى، ژیاندارکردنى شێوه سه‌ره‌کى و دیاریکهرهکانى په‌یوه‌ندیین.
یه‌که‌م هه‌نگاوێک به‌ناوى ژیانه‌وه بۆ کۆمه‌ڵگاى مرۆڤى بهاوێژین پێویسته سه‌باره‌ت به هاوژیانى بێت. هیچ بوار یان کایه‌کى ژیان هێنده‌ى بوارى هاوژینى خه‌سڵه‌تى دیاریکه‌ر و بنهڕهتیبوونى نییه. دانانى ئابوورى و ده‌وڵه‌ت به‌په‌یوه‌ندى سه‌ره‌کى چه‌واشه‌کارییه‌کى سۆسیۆلۆژیایه. له‌ده‌ره‌نجامدا ئابوورى و ده‌وڵه‌تیش هه‌ردووکیان ئامرازى هاوژیانین. ناشێت و نابێت هاوژیانى له‌خزمه‌تى ئابوورى، ده‌وڵه‌ت و ئاییندا بێت. به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه ده‌وڵه‌ت، ئایین و ئابوورى ناچارن له‌خزمه‌تى هاوژیانى دابن. به‌ڵام پێچه‌وانه‌که‌ى ئه‌و راستییه ته‌واوى سۆسیۆلۆژیاى مۆدێرنیته‌ى گرتۆته‌وه.
وه‌ک پێویستیه‌کى ته‌واوى ئه‌و باسه یه‌که‌مین بوارى پێویستى به بونیادى زانستى هه‌یه پێویسته بوارى هاوژیانى بێت. میتۆلۆژیاکانى چاخى کۆن که زۆر سه‌ره‌تایى ده‌بینرێن و له‌خۆڕانییه که به‌رده‌وام ئایینه‌کان به‌و بواره‌وه ده‌ستیان پێکردووه، له‌راستیدا په‌یوه‌ندییان به‌حه‌قیقه‌تى کۆمه‌ڵگاوه هه‌یه. هاوژیانى یه‌که‌مین هه‌نگاوه که به‌تایبه‌تى له‌ته‌وه‌رى ژنه‌وه به‌ره‌و زانست و سۆسیۆلۆژیاى راست ده‌نرێت. نه‌ک ته‌نیا له‌بوارى سۆسیۆلۆژیا به‌ڵکو له‌بواره‌کانى هونه‌ر و فه‌لسه‌فه‌شدا پێویسته یه‌که‌م هه‌نگاو له‌ده‌ورى ئه‌و په‌یوه‌ندییه بهاوێژرێت. هیچ پێویست ناکات بڵێین به‌و سیفه‌ته‌ى لقێکى فه‌لسه‌فه‌ن پێویسته ئه‌وله‌ویه‌تى ئه‌خلاق و ئایینیش له‌و بواره بێت. ئایین و ئه‌خلاق به راده‌ى پێویست به‌و بواره به‌ستراونه‌ته‌وه.
مایه‌پووچبوونى هێزه‌کانى چه‌وسانه‌وه و ده‌سه‌ڵاتى ههژموونگهرایى سه‌رده‌مه‌که‌مان زیاتر له داڕووخانهکهى هاوژیانیدا ده‌که‌وێته‌ڕوو. مێژووی په‌یوه‌ندى نێوان ژن ـ پیاو ماناى خۆی له‌ده‌ست داوه، به‌دۆخێکى له‌ناوچوون گه‌یشتووه که نه له‌گه‌ڵیدا و نه به بێ ئه‌و هیچ دۆخێکیان نابێت. ئه‌وانه‌ى شۆڕشى سه‌ره‌تایان له‌سه‌ر بنه‌ماى شیکارکردنى ئه‌و ره‌وشه کائیۆسییه په‌ره پێناده‌ن، جگه له‌درێژه‌دان به کائیۆس هیچ ده‌رفه‌ت و چانسێکى دیکه‌یان نییه. ئه‌وانه‌ى پێههڵگرتنى شه‌خسى و جڤاتى ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ته‌نیا کاتێک لهلایهنهکانى زانستى، هونه‌رى و فه‌لسه‌فیه‌وه ئه‌و بواره به‌بنه‌ما بگرن، ده‌توانن هه‌نگاو به‌ره‌و هاوژیانى ئازاد بهاوێژن. وه‌ک مه‌زه‌نده ده‌کرێت یه‌که‌مین هه‌نگاوى ئه‌و پێهه‌ڵگرتنه هه‌نگاوێکى تایبه‌ت و تاکانه‌ى نێوان دوو که‌س نییه، به‌ڵکو یه‌که‌مین هه‌نگاوه که سه‌باره‌ت به په‌ره‌پێدانى کۆمه‌ڵگاى دیموکراتیک و سۆسیالیستى ده‌نرێت.
به‌ر له‌هه‌موو شتێک پێویسته سۆسیالیستبوون په‌یوه‌ستى جێگیرکردنى ئاستى ئازادى هاوژیانى بێت. پێویسته شێوازى ژیانێکى مه‌زنى پره‌نسیپى و دژوارى کردارى به‌بنه‌ما بگیرێت که له‌سه‌ره‌تاى ژیانى میتۆلۆژى کۆن و ئایینى ده‌بینرێت. ته‌نیا له‌میانه‌ى ده‌ربازکردنى شێوه و ناوه‌ڕۆکى ماڵیکهرى مۆدێرنیته‌ى سه‌رمایه‌دارى و سیسته‌مه‌کانى شارستانیه‌وه بونیادى سۆسیالیستیانهى هاوژیانى جێگاى باس ده‌بێت. ئه‌و رهچهڵهکگهرێتى (به‌ماناى زۆربوون)، گه‌مه‌کانى ماڵیکردن و زایهندگهرێتیهى سیسته‌م گشتاندوویهتى په‌یوه‌ندییه‌کى به “هاوسه‌رێتى سه‌ر یه‌ک سه‌رین” ه‌وه نییه. به‌تایبه‌تیش په‌یوه‌ندى به جووتبوونى زایه‌ندى رۆژانه‌ییه‌وه نییه که له‌دۆخى ئێستاماندا ته‌واو کراوه بهنهخۆشیهک. نه‌بوونى جووتبوونى زایه‌ندى رۆژانه له‌هیچ گیانلهبهرێکدا، به‌پێچه‌وانه‌وه په‌یڕه‌وکردنى به‌شێوه‌یه‌کى خولى ده‌یسه‌لمێنێت که زایه‌ند له‌جۆرى مرۆڤ به‌شێوازى کۆمه‌ڵگا بونیادنراوه. برسێتى زایه‌ندى و زێده‌ڕۆیى کردن له په‌یوه‌ندى زایه‌ندى پابه‌ندى بونیادى کۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵاتى هه‌ژموونگه‌راییه. ئه‌و رهگهزپهرستیهى به‌سه‌ر ژن‌دا ده‌سه‌پێنرێت، به‌هه‌موو شێوه‌کانیه‌وه خۆى وه‌ک به‌رجه‌سته‌کردنى ده‌سه‌ڵات ده‌خاته‌ڕوو. ئه‌و ره‌گه‌زپه‌رستییه نه‌ک هه‌ر ته‌نیا به‌خته‌وه‌رى پێنابه‌خشێت، به‌ڵکو به‌ته‌واوى سه‌رچاوه‌ى نه‌خۆشى و بێ هیواییه، له‌ناوچوون و مردنى پێشوه‌خته. بونیادى هیچ پیاو یان ژنێک ئه‌و پێکهاته‌یه‌ى نییه له‌گه‌ڵ ئه‌و شێوازه‌ى زایهندگهرێتى ره‌گه‌زپه‌رستیدا بگونجێت. به‌تایبه‌تیش ئه‌و زایهندگهرێتیهى سه‌رمایه‌دارى له‌میانه‌ى رێکلامچێتى ژنه‌وه ده‌یوروژێنێت به‌ته‌واوى په‌یوه‌ندى به ههژموونگهرایى ئایدیۆلۆژیه‌وه‌یه، له‌پێناو جێبه‌جێکردنى یاسای به‌ده‌ستهێنانى زۆرترین قازانجه. ده‌توانین بڵێین هیچ په‌یوه‌ندییه‌ک هێنده‌ى ره‌گه‌زپه‌رستى کۆمه‌ڵایه‌تى هێز و تواناى هه‌ڵگرتنى سیسته‌مى نییه. له‌و سۆنگه‌یه‌وه؛ ئانتى ـ سه‌رمایه‌دارى ته‌نیا لهرێگاى ره‌تکردنه‌وه‌ى ئه‌و ژیانه‌ى شێوازى ره‌گه‌زپه‌رستى و دهربازکردنیهوه به‌دیدێت.
ئه‌و ئاسته‌ى لهپهیوهندیهکانى هاوژیانى په‌ره‌ى پێده‌درێت چه‌نده زانستى، هونه‌رى و فه‌لسه‌فى بێت، به‌و راده‌یه ده‌شێت رێگا له‌پێش شێوازى ژیانى سۆسیالستى بکاته‌وه. به‌ر له‌هه‌موو شتێک ئاواکردن و په‌یڕه‌وکردنى سۆسیالیزم لهپهیوهندیهکانى هاوژیانیدا به‌هایه‌کى کردارى و پره‌نسیپانه‌ى ده‌ست لێبهرنهدراو و ژیانى هه‌یه. له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و شێوازه‌ى په‌یوه‌ندى رێگایه‌کى دیکه نییه به‌ره‌و سۆسیالیزمت ببات. ئه‌گه‌ر هه‌ش بێت، ئه‌و په‌یوه‌ندیانه ناراستهوخۆن و بۆ هه‌ڵه کراوه‌ن. نرخاندن و تێگه‌یشتنى هاوژیانى سۆسیالیستانه وه‌ک په‌یوه‌ندى نێوان دووکه‌س هه‌ڵوێستێکى ناته‌واوه. بێگومان ده‌شێت هاوژینى به‌رجه‌سته‌کردنى دووانه‌یى به‌خۆوه ببینێت، به‌ڵام ناشێت بۆ ئه‌و دۆخه بچووک بکرێته‌وه. هاوژیانى هێزى گه‌وره‌ى مانا، ئه‌ستاتیک و جوانییه، به‌شێوه‌یه‌کى دهرههستیش ژیانێکى گه‌وهه‌رییه.
ژن و پیاوه‌کانى په‌یوه‌ست به ژیانى سۆسیالیستانه که‌ى له‌بوارى گه‌ردوونى و جڤاتى ژیانى ئازاد به‌رجه‌سته بکه‌ن، ئه‌وا وه‌ک تاکیش ده‌توانن چانس و ده‌رفه‌تى ژیانێکى راست و جوان به‌ده‌ست بێنن. له‌سه‌رجه‌م بزاوته گه‌وره‌کانى کۆمه‌ڵگادا ده‌شێت ئه‌و راستییه ببینرێت. تێکه‌ڵ نه‌کردنى ژیانى تاک (که‌سى) له‌گه‌ڵ گه‌مه‌کانى هاوسهرگیرێتى ئێستا و شێوه خراپترهکهى ده‌ره‌وه‌ى هاوسه‌رگیرى گرنگ و بایه‌خداره. وێڕاى ئه‌وه‌ى له ژیانى تاکانهیى (که‌سى) دا ته‌واوى پۆتانسێلى گه‌ردوونیبوون و جڤاتبوون شاراوه‌یه، به‌ڵام به‌شێوه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى هاوسه‌رێتى و ماڵیکردنى تایبه‌تى شارستانى‌و مۆدێرنیته نکوڵیکردن لهگهردوونى بوون‌و جڤاتبوون جێگاى باسه. ئه‌و جیاوازییه نه‌کرێت ژیانى ئازادانه‌ى پاژهى سۆسیالیستانه به‌دی نایه‌ت. ئه‌و مرۆڤه‌ى، به‌تایبه‌تیش ئه‌و ژنه‌ى ده‌که‌وێته ناو چوارچێوه‌ى په‌یوه‌ندى سۆسیالیستیه‌وه له‌میانه‌ى ئه‌و فهلسهفیبوون، ئه‌خلاقى، جوانى و زانستیبوونهى له‌خۆیدا به‌رجه‌سته‌ى ده‌کات خاوه‌ن هێزێکى گه‌وره‌ى راکێشانه. که‌سایه‌تى ئه‌مجۆره ژن و پیاوانه وه‌ک چۆن له‌به‌رامبه‌ر ژیانى کۆمه‌ڵایه‌تیدا دووچارى شکست نایه‌ن، له‌میانه‌ى هه‌بوونى خۆیانه‌وه ژیانى ئازادى کۆمه‌ڵگاش بونیاد ده‌نێن. چونکه له جووتى ئه‌و تاک (که‌س)انه‌دا رێزگرتن و متمانه زاڵه، نه‌خۆشیه‌کانى سیسته‌م له‌جۆرى ئێره‌یى، برسێتى، ناجێگیرى و بێزاربوون جێگایان نابێته‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ى یه‌کترى ناکه‌ن به‌موڵک بانگه‌شه‌ى ماف به‌رامبه‌ر به‌یه‌کترى ناکه‌ن (که ئه‌مه له یاساى بۆرژوازیدا هه‌یه). هێزى ماناى هاوسه‌نگیان له‌و دۆخه دایه که له که‌سێکدا گشت، لهگشتیشدا که‌سێک بژێنێت.
بزووتنه‌وه‌کانى کۆمه‌ڵگاى مێژوویى ته‌نیا له‌میانه‌ى ئه‌مجۆره که‌سایه‌تیانه‌وه به‌سه‌رکه‌وتن ده‌گات که ماناى وه‌هایان به‌ده‌ستهێناوه. ئه‌و که‌سایه‌تیانه ناچارن به‌ماناى راسته‌قینه‌ى وشه وه‌ک سۆسیالیست بناسرێن، یادیان بکرێته‌وه و چاوه‌ڕوانیان بکرێت.
ره‌چاوکردنى هه‌ندێک ئه‌زموونى گرنگى مێژوویى جێبه‌جێکردنى تیۆرى هاوژیانى ئازاد له په‌ره‌سه‌ندنى کۆمه‌ڵگاى سۆسیالیست‌دا گرنگ و بایه‌خداره. له‌و باره‌یه‌وه ئایینى کرستیانى ژیانى رهبهنێتى بۆ کادیره‌کانى کردووه به مه‌رج. ئه‌و هه‌نگاوه رۆڵێکى گرنگى له په‌ره‌سه‌ندنى شارستانى خۆرئاوادا بینیوه. له‌میانه‌ى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ى ده‌رهه‌ق بهکادیرانهوه په‌یڕه‌وى کردووه کرستیانى خراپیه‌کانى کۆمه‌ڵگاى ره‌گه‌زپه‌رستى سنووردار کردووه. جڵه‌وکردنى فشارى زایهندگهرى سه‌ر زهنیه‌ت له‌لایه‌ن روحانیهتهوه رۆڵێکى گرنگى له‌په‌ره‌سه‌ندنى کۆمهڵگابووندا بینیوه. به‌ڵام رێگاى له‌پێش په‌ره‌سه‌ندنى دیالیکتیکى نه‌کردۆته‌وه که ده‌رفه‌تى هاوژیانى ئازاد ده‌ڕه‌خسێنێت؛ ئه‌وه‌ى به‌شێوه‌یه‌کى په‌رچه‌کردارى له‌به‌رامبه‌ریدا سه‌ریهه‌ڵداوه ته‌قینه‌وه‌ى ره‌گه‌زپه‌رستى کۆمه‌ڵگاى مۆدێرنیته‌ى سه‌رمایه‌دارى بووه. ژیانى مۆدێرنى موڵکدارى یه‌ک ژنى وه‌ک شێوازێکى ژیانى دژ به کلتوورى رهبهنێتى راهیبه‌کان دووه‌مین خاڵى ئهوپهڕگهرى و جهمسهرگهرێتى ئافراندووه. کلتوورى رهبهنێتى کرستیانى له‌ژێر ته‌نگژه‌ى ژیانى تاک ژنى مۆدێرندا شاراوه‌یه. هه‌ردوو کلتووریش لهدهربازکردنى کۆمه‌ڵگاى ره‌گه‌زپه‌رستدا بنبه‌ستبوون. ئه‌و راستییه له ته‌نگژه‌ى کلتوورى کۆمه‌ڵگاى ره‌گه‌زپه‌رستى خۆرئاوادا شاراوه‌یه.
رێگه‌چاره‌ى ئیسلامیش سه‌باره‌ت به بابه‌ته‌که سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه. ئیسلام که به پێچه‌وانه‌ى ژیانى ره‌به‌نى راهیبه‌کان ئه‌وله‌ویه‌تى بهتێرکردنى زایه‌ندى داوه، له‌و بڕوایه‌دا بووه که له‌میانه‌ى فره‌ژنى و دۆخى که‌نیزه‌کى ژنه‌وه کێشه‌کانى چاره‌سه‌ر ده‌کات. په‌یڕه‌وکردنى دۆخى ژنانى حه‌ره‌مسه‌را له‌ئیسلامدا به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان رۆڵى سۆزانیخانهى تایبه‌تکراو ده‌بینێت. جیاوازیه‌که‌ى له‌گه‌ڵ سۆزانیخانه له‌وه‌دایه که تایبه‌ت به‌چه‌ند که‌سێکه، له‌ناوه‌ڕۆکدا جیاوازیه‌کیان نییه. ئه‌و کرده‌وانه‌ى کۆمه‌ڵگاى ره‌گه‌زپه‌رست رۆڵێکى دیاریکهریان هه‌یه له دواکه‌وتنى کۆمه‌ڵگاى خۆرهه‌ڵات به‌رامبه‌ر به کۆمه‌ڵگاى خۆرئاوا. له‌کاتێکدا جڵه‌وکردنى زایه‌ند له‌لایه‌ن ئایینى کریستیانیه‌وه رێگا بۆ مۆدێرنیته ده‌کاته‌وه، پشتگیری‌کردن و هاندانى تێرکردنى زێده‌ڕۆییانه‌ى زایه‌ندى له‌لایه‌ن ئیسلامه‌وه له‌و باره‌یه‌وه رێگاى له‌پێش دۆخێکى دواکه‌وتووتر له‌کۆمه‌ڵگاى جاران و شکست به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵگاى مۆدێرنیته‌ى خۆرئاوا کردۆته‌وه. ره‌گه‌زپه‌رستى کۆمه‌ڵگا رۆڵێکى گرنگى هه‌بووه له ژێرکه‌وتنى ژن و پیاوى خۆرهه‌ڵات به‌رامبه‌ر به ژن و پیاوى خۆرئاوا. لهمهزهندهکان زیاتر رهگهزگهرایى کاریگه‌رى ده‌کاته سه‌ر په‌ره‌سه‌ندنى کۆمه‌ڵگا. سه‌باره‌ت به کرانه‌وه‌ى جیاوازى نێوان کۆمه‌ڵگاى خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا پێویسته به‌بایه‌خه‌وه هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر رۆڵى رهگهزگهرایى بکرێت. چه‌مکى رهگهزگهرایى ئیسلام له‌بوارى قووڵایى به‌کۆیله‌کردنى ژن و پته‌وکردنى دهسهڵاتگهرێتى پیاو به به‌راورد له‌گه‌ڵ شارستانى خۆرئاوا ئه‌نجامى زۆر خراپ و نهرێنیتری ئافراندووه.
کاتێک پراکتیکى هاوژیانى ئازاد پێشده‌خه‌ین خاڵگه‌لێکى گرنگ جێگاى باسن که پێویسته له‌لایه‌ن ژن و پیاوه‌وه ره‌چاو بکرێت. ئه‌و پێویستیانه به‌و شێوه‌یه‌ى خواره‌وه ده‌ستنیشان ده‌که‌ین که ده‌بێت ئه‌و ژنه ئه‌نجامى بدات که ده‌رفه‌تى ژیانى ئازادى هه‌یه یاخود خوازیاره ئه‌و چانسه به‌ده‌ست بینێت:
أـ ئه‌و هاوبه‌شى یان پشکدارییه زایهندییهى ژن له‌گه‌ڵ پیاو ئه‌نجامیده‌دات ته‌نیا تێربوونێکى جه‌سته‌یى رووت نییه، پێویسته پێشتر بزانێت رووبه‌ڕووى چڕنوکى هێز و ده‌سه‌ڵاتێک ده‌بێته‌وه: وه‌ک ئه‌وه‌یه له‌ناو قه‌فه‌سدا له‌گه‌ڵ پڵنگ بخه‌وێت. به‌تایبه‌تیش دۆخى برسێتى و دیلى پڵنگه‌که‌ى ناو قه‌فه‌س له‌وانه‌یه رێگا خۆشکه‌ربێت که پیاو به‌شێوه‌یه‌کى کوشندهبر چڕنووکهکانى به‌کاربێنێت. پێویسته ژن زۆر به‌چاکى بزانێت کاتێک له‌میانه‌ى په‌یوه‌ندى هاوسه‌رگیرى کلاسیکه‌وه جارێک که‌وته ناو قه‌فه‌سه‌وه به‌ئاسانى و به‌سه‌لامه‌تى ده‌رناکه‌وێت؛ باجه‌که‌ى یان گیانى ده‌بێت یاخود ئه‌ویش ده‌بێت به مێ پڵنگێکى رادهستبوو. شێوه‌ى پڵنگى مێینه‌ش نوێنه‌رایه‌تى ژنى به‌پیاو بوو ده‌کات؛ ئه‌وه‌ش قێزه‌ون و چه‌په‌ڵه. په‌یوه‌ندى زایه‌ندى نێوان پیاوى هه‌ژموونگه‌را و ژنه پیاوانیهکهى ته‌واو راده‌ستى بووه رۆڵى سه‌ره‌کى ده‌بینێت له روودانى ئه‌و قێزه‌ونى و چهپهڵیهدا. له‌کاتێکدا پیاوان به سه‌رفرازییه‌وه رۆژى “دڕاندنى په‌رده‌ى کچێنى” ژن به‌سه‌ر ده‌بن، هۆکاره‌که‌ى تێربوونى ئاره‌زوو (دیارده‌ى جه‌سته‌یى) نییه، به‌ڵکو پشکى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یه له دروستبوونى په‌یوه‌ندى ده‌سه‌ڵات ـ کۆیله‌دا. دڕاندنى په‌رده‌ى کچێنى سه‌ره‌تاى مه‌حکومکردنى ژنه به کۆیلایه‌تى بێکۆتاوه. رێگا له‌پێش هه‌ستى ده‌سه‌ڵات و سه‌ردارى ده‌کاته‌وه. ئه‌وه‌ش ماناى سه‌لماندنى پیاوێتى ده‌به‌خشێت. دواتر ئه‌و رێبازه له‌سه‌ر کوڕه لاوه‌کانیش په‌یڕه‌و ده‌کرێت. دامه‌زراوه‌ى کۆیلایه‌تى له‌سه‌ر هه‌ردوو ره‌گه‌زیش په‌یڕه‌وکراوه. هێنده‌ى پیاو بهپهرۆشنهبوونى ژنان و رانهکردنیان به‌دواى په‌یوه‌ندى زایه‌ندیدا په‌یوه‌ندى به‌دامه‌زراوه‌ى کۆیلایه‌تیه‌وه هه‌یه. چالاکى زایه‌ندى که به‌شێوه‌یه‌کى بێ سنوور له‌لایه‌ن مۆدێرنیته‌ى سه‌رمایه‌دارییه‌وه زیادکراوه، به‌رفراوانترین ئامرازى کۆیلایه‌تییه که به‌سه‌ر جۆرى مرۆڤدا سه‌پێنراوه؛ رێگا له‌پێش ده‌رفه‌تێکى بێ سنوورى ده‌سه‌ڵات و چه‌وسانه‌وه ده‌کاته‌وه. هه‌ڵوێستى به‌گومانى زۆربه‌ى ئایینه‌کان به‌رامبه‌ر به‌و په‌یوه‌ندییه واتاداره، په‌یوه‌ندى بهرێخۆشکردن بۆ که‌وتن، چه‌په‌ڵى و ده‌رکه‌وتن له حه‌قیقه‌ته‌وه هه‌یه.
ب ـ ئه‌گه‌ر له‌دۆخى هاوسهرێتیهکى هاوتادا نه‌بێت، پێویسته ژن ئاگادار بێت که پیاو به‌رده‌وام به سایکۆلۆژیاى پڵنگ ره‌فتار ده‌کات و هه‌ر ساتێک بۆ راوکردنى نێچیره‌که‌ى ئاماده‌یه، پێویسته به‌گوێره‌ى ئه‌وه‌ش شێوازى جموجۆڵ و ره‌فتارى خۆى ده‌ستنیشان بکات. کاتێک پیاوى پڵنگى ده‌رفه‌ت ببینێت، واته ئه‌و به‌ربه‌سته کۆمه‌ڵایه‌تیانه ده‌رباز بکات که دێنه پێشه‌وه مسۆگه‌ر چڕنوکێک له ژن ده‌وه‌شێنێت. له‌و ساته‌دا پیاوى ده‌سه‌ڵاتگه‌را هیچ پێوانێکى ئهخلاقىو پاساوێکى ویژدانى ناناسێت‌و خوازیاره ژن راو بکات. نه به‌رگى ئایینى‌و نه یاسا هیچ یه‌کێکیان له‌به‌رده‌م ئه‌ودا کۆسپ نین. پێویسته ژن ئاگادارى ئه‌و ره‌وشه بێت‌و به‌گوێره‌ى ئه‌مه دابه‌زێته مه‌یدانه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه‌وه. به مانایه‌کیتر به بێ گه‌ره‌نتى بهرگرییهکى خۆیى کارا بۆ مه‌یدانه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان دانه‌به‌زێت.
ج ـ پێویسته زۆر باش بزانێت که له‌میانه‌ى به‌کارهێنانى پاره و ئه‌و رێبازانهى توندوتیژى که گوزارشت له هێزى ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن، رێبازى نه‌رمیش که هێزى هونه‌ر، له‌سه‌رووى هه‌مووشیانه‌وه ئه‌ده‌بیات، پیشانیده‌دات ئامانجى سه‌ره‌کى مۆدێرنیته‌ى سه‌رمایه‌دارى؛ ژن بکات به کۆیله‌یه‌کى مۆدێرن. لهرێگاى ده‌سه‌ڵاته‌وه بێت یان به‌ڵێنه به‌رده‌وامه‌کانى ئه‌شقه‌وه، مۆدێرنیته چه‌ندین قات هێنده‌ى پیاوى کۆمه‌ڵگاى کۆن زیاتر به‌رامبه‌ر به ژن له‌پێگه‌ى هێزى هێرشبه‌ر دایه. به‌رامبه‌ر به‌و هێزه ترسناکه‌ى باڵاده‌ستى پیاو سه‌باره‌ت به بابه‌تى پاره و ئه‌شق به دواداچوون و لێگهڕینى ژن بۆ ژیانى ئازاد جگه له خه‌یاڵێکى پووچ هیچ واتایه‌کى دیکه نابه‌خشێت. به‌و هه‌موو ره‌فتاره جوان و دڵسۆزیهیهوه چه‌نده هه‌ڵوێست بنوێنێت و به‌دواى هاوژیانى ئازاد‌دا هه‌وڵ بدات، به‌رامبه‌ر به‌پیاوى مۆدێرنیته‌ى ده‌ستبه‌کار له دۆڕاندن رزگارى نابێت. واته هه‌موو رێگایه‌ک به‌ره‌و کۆیلایه‌تى مۆدێرنى ژنى ده‌بات.
د ـ وێڕاى ته‌واوى ئه‌و کۆمه‌ڵگا پیاوسالارییه، ئه‌گه‌ر ژن له‌سه‌ر ئازادى سووربێت، ئه‌وکاته پێویسته به‌رگه‌ى ژیانێکى ته‌نیایى مه‌زن یان زهحمهتیهکانى میلیتانێتیهک بگرێت که هه‌ر ساتێکى پڕ له تێکۆشانى سۆسیالیستانه به‌سه‌ر ده‌چێت. ته‌نیایی بۆ دۆخه مارژینال و بێکاریگه‌ره‌کان جێگاى باسه. هه‌رچى ژیانى سۆسیالیستانه‌یه پێویستى به ژیانى مێخوداوهندى هه‌یه که له‌گه‌ڵ کلتوورى کۆنى مێخوداوهندیدا هاوتابێت. پێویسته ئه‌و خاڵه ره‌چاو بکات: یه‌کێک له خه‌سڵه‌ته‌کانى مێخوداوهندێتى هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ پیاو نه‌ده‌کرد. وه‌ک لهدیرۆکهوه ئاگادارین کاتێک پیاویش بوو به‌خوداوه‌ند شوێنپهنجهیهکى ئه‌وتۆى مێخوداوه‌ند دیار نه‌مابوو. ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه به‌فریشته بوونه. به‌ڵام ئافره‌تى فریشته نوێنه‌رایه‌تى ئه‌و ژنه بێهێزه ده‌کات که تۆزێک هێزى ره‌گه‌زى له‌ده‌ستداوه. رۆڵى ئه‌و چه‌شنه ژنه له‌ناو کۆمه‌ڵگادا دۆخى په‌یامبه‌رى تێپه‌ڕ ناکات. شێوه‌ى ئینانا ـ ئه‌فرۆدیتى میتۆلۆژیاش هه‌ر یه‌که‌و هێماى ژنێکى جیاوازتره؛ نوێنه‌رایه‌تى ئه‌و ژنه ده‌کات که هێشتا جوانى، سه‌رنجڕاکێشى ره‌گه‌زى و هێزى جه‌سته‌یى خۆى له‌ده‌ستنه‌داوه. ئینانا ـ ئه‌فرۆدیت بهسیفهتى مێخوداوهندى ئه‌شق ئه‌و فاکته‌ره‌یه که په‌یجوورى هاوژیانییه. ئه‌و فاکته‌ره‌یه که هاوبه‌شێتى هاوژیانى ئازاد ده‌کات. پێویسته باش تێبگه‌ین که فاکته‌رێکى به‌مجۆره ته‌نیا ده‌شێت پیاوێکى پرۆمۆتۆسى نیمچه ـ خوداوه‌ند ـ مرۆڤ هاوژیانى بێت. له‌دیرۆک و رۆژگارى ئه‌مڕۆشماندا ئه‌و فاکته‌ره یاخود پیاوه ته‌نیا ده‌شێت وه‌ک شێوه‌یه‌ک وێنابکرێت. بهرجهستهکردنیشى ته‌نیا ده‌شێت له‌ئاکامى تێکۆشان و جهنگاوهرێتیهکى نائاسییه‌وه به‌دیبێت. تا خوداوه‌نده رووته‌کان تێکنه‌شکێنێت که به‌هێزه مه‌ترسیداره‌کانى مۆدێرنیته‌ى سه‌رمایه‌دارییه‌وه چه‌کدارکراون ناتوانێت خۆى بئافرێنێت. ئه‌مه ئافراندنێکى زه‌حمه‌ته به‌ڵام مه‌حاڵ نییه. سۆسیالیستبوونیش تاڕاده‌یه‌ک له‌میانه‌ى به‌رجه‌سته‌کردنى شێوه و خه‌یاڵى ئینانا ـ ئافرۆدیت و پرۆمیتۆس به‌دیدێت.
ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى پێویسته پیاوى په‌یجوورى هاوژیانى ئازاد بیهاوێژێت ده‌توانین به‌مشێوه‌یه کورتیان بکه‌ینه‌وه:
أ ـ ئه‌و پیاوه پێویسته بزانێت ئه‌و ژنه‌ى به‌رامبه‌رى قووت کراوه‌ته‌وه له‌ژێر سایه‌ى شارستانى پێنج هه‌زار ساڵى و ههژموونگهرایى پێنجسه‌د ساڵه‌ى سه‌رمایه‌دارى دووچارى هه‌لومه‌رجه‌کانى هه‌موو جۆره کۆیلایه‌تیه‌ک هاتووه. تاکه رێگه‌چاره‌ى ئه‌و ژنه به‌رامبه‌ر پیاوى پڵنگى ئه‌وه‌یه ببێته مێیینهیهکى پڵنگى. سه‌رجه‌م ستراتیژ و تهکتیکهکانى ژیانى به‌شێوه‌یه‌کى ساته‌وه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بونیادنراوه. ئه‌گه‌ر به‌پێچه‌وانه‌وه بیخوێنینه‌وه. ئه‌ویش به‌گوێره‌ى خۆى قه‌فه‌سێکى هه‌یه که خوازیاره هاوتا نێرهکهى تێدا به‌ند بکات. ئه‌گه‌ر پیاو به‌دواى هاوژیانى ئازاد‌دا بگه‌ڕێت، ئه‌وا رزگاربوونى له ستراتیژى و تهکتیکهکانى ئه‌م چه‌شنه ژنه به‌لانى که‌م هێنده‌ى ژنه کۆیله‌که زه‌حمه‌ته. رزگاربوون له ستراتیژ و تهکتیکهکانى ئه‌و چه‌شنه ژنه که بهسیفهتى دژه کۆیلایه‌تى ده‌یسه‌پێنێت بۆ ئه‌و پیاوه‌ى به‌دواى هاوژیانى ئازاده‌وه‌یه پێویسته بوارێکى له‌پێشینه‌ى تێکۆشان بێت، لێره‌دا سه‌رکه‌وتوو نه‌بێت ته‌نانه‌ت تاکه هه‌نگاوێکیش بۆ تێکۆشانى کۆمه‌ڵگاى سۆسیالیستانه ناهاوێژێت.
ب ـ ئه‌و پیاوه‌ى له‌دۆخى هاوسه‌رگیری دایه پێویسته ئاگاداربێت که به‌لانى که‌م هێنده‌ى ژن دووچارى کاریگه‌ریه‌کانى دامه‌زراوه‌ى کۆیلایه‌تى هاتووه. له‌پێناو ده‌ربازکردنى کاریگه‌رییه نه‌رێنیه‌کانى دامه‌زراوه‌که له‌جیاتى ماڵ پێویسته ئه‌و پیاوه به‌رده‌وام به‌دواى ژیانى سۆسیالیستیانه‌وه بێت و هه‌وڵى بۆ بدات. ژیان له‌گه‌ڵ ژنى کۆیله‌دا ژیانێکى کۆیلایه‌تییه، ژیانێکى چه‌وته. ده‌ربازکردنى کلتوورى سۆزانیخانهى تایبه‌تکراو پێویستى به سه‌رکه‌وتن له‌بوارى ده‌سته‌به‌رکردنى کلتوورى هاوژیانى ئازاد هه‌یه.
ج ـ پێویسته به شێوه‌یه‌کى هه‌میشه‌یى و سه‌رکه‌وتوانه به‌رده‌وام شه‌ڕى نه‌فس به‌رامبه‌ر کلتوورى فریوده‌رى زایهندگهرایى مۆدێرنیته‌ى سه‌رمایه‌دارى ئه‌نجامبدرێت. ئه‌و ستراتیژ‌و تهکتیکانهى له‌پێناو تهسلیمگرتنى پیاو پێشخران به لانى که‌م هێنده‌ى دیلێتى ژن له‌ناوبه‌ره. پێویسته له‌بیر نه‌که‌ین له کاتێکدا له مۆدێرنیته‌ى سه‌رمایه‌دارى له‌لایه‌که‌وه پیاو ته‌نیا له‌لایه‌نى بایۆلۆژیه‌وه بۆ پیاوێتیهکى زلکراو گۆڕاوه، له‌لایه‌کى دیکه‌وه به هه‌موو کلتووره کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌یه‌وه کراوه به ژن. له کاتێکدا پیاوى بایۆلۆژى ره‌گه‌زپه‌رست و زلکراو له لایه‌که‌وه ده‌کرێته پڵنگ، له لایه‌کى دیکه‌وه له‌میانه‌ى کلتوورى ژنانه (ژنى کۆیله) وه ده‌کرێت به پشیله‌یه‌کى به کلتوور. ئه‌و پیاوێتیه تێکنه‌شکێنرێت که مۆدێرنیته‌ى سه‌رمایه‌دارى ده‌یسه‌پێنێت، ئه‌وا نابیت به سۆسیالیست و تێکۆشانى کۆمه‌ڵگاى سۆسیالیستى ئه‌نجام نادرێت.
د ـ به‌رامبه‌ر ته‌واوى ئه‌و فاکته‌ره نه‌رێنیانه له‌پێناو هاوژیانى ئازاد‌دا؛ به‌لانى که‌م هێنده‌ى ژنى ئازاد پێویستى به‌تێکۆشانى پیاوى ئازاد هه‌یه. پیاوێتى ئازاد ته‌نیا له‌میانه‌ى ده‌ربازکردنى که‌سایه‌تى ئه‌و پیاوه به‌دیدێت که کۆمه‌ڵگاى پیاوسالارى کردوویه‌تى به‌کۆیله. پێویسته پایه‌ى عاریفى (ألعلامة) به‌ده‌ست بێنێت که تا ئێستاش لهراستینهى کۆمه‌ڵگاکه‌ماندا په‌سه‌ندکراوه. به‌و راده‌یه‌ى “مرۆڤ وه‌ک پیاو له‌دایک نابێت، به‌ڵکو مرۆڤ ده‌بێت به پیاو”، وه‌ک پیاوى شارستانى له‌دایک ده‌بێت، به‌ڵام ده‌بێت به پیاوى ئازادیش. له‌و سه‌رده‌مه‌ماندا ته‌نیا له‌میانه‌ى زانست، فه‌لسه‌فه و مۆدێرنیته‌ى دیموکراتیکه‌وه خه‌یاڵى پیاوى پرۆمیتۆسى به‌رجه‌سته ده‌بێت. پێویسته به‌بایه‌خه‌وه تێبگات که میتۆلۆژیا، ئایین، فه‌لسه‌فه، زانست و هونه‌ر له‌پێناو ژیانن و سه‌ره‌کیترین رۆڵیشیان به‌رجه‌سته‌کردن و ئاواکردنى هاوژیانى ئازاده، هه‌ربۆیه‌ش ئه‌وه بکات به ئه‌خلاق و ئهستاتیکا. هاوسه‌رێتییه هاوچه‌رخه‌کانى ئێستا به‌رده‌وامى کلتوورى پله‌دارى خانهدانێتى (کلتوورێکى نزیکه‌ى حه‌وت هه‌زار ساڵییه) یه، به‌و سیفه‌ته‌ى سه‌ره‌کیترین بوارى ئافراندنى به‌هاکانى کۆمه‌ڵگاى ده‌وڵه‌تییه، له به‌رزترین ئاستدا به‌شێوازى نامووس و نۆرم ده‌ستدرێژى ده‌رخواردى که‌سایه‌تى ژن و پیاو دراوه. پێویسته نه‌بوونى ئه‌شق، لێکجیابوونه‌وه و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى خێزان وه‌ک ئاکامى کلتوورى لاقه‌کردن و ده‌ستدرێژى ببینرێت که به‌ئامانجى ده‌سه‌ڵات و چه‌وسانه‌وه له که‌سایه‌تیه‌کان بارکراون. کۆمه‌ڵگاى ئازاد و سۆسیالیست ته‌نیا له‌لایه‌ن ئه‌و که‌سایه‌تیانه‌وه ده‌ئافرێنرێت که به‌رامبه‌ر به کلتوورى لاقه‌کردن و ده‌ستدرێژى سات به‌سات به فه‌لسه‌فه، زانست، ئه‌خلاق و ئهستاتیکا بارکراوه. ئاشکرایه ئه‌و هاوژیانه ئازادانه‌ى له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ئاوا ده‌کرێن به‌رده‌وام جوانى، راستى و چاکه بۆ تاک و کۆمه‌ڵگا به‌رهه‌م دێنن.
ئه‌و ژیانه پهرچوویى و تهلیسماوییهى مۆدێرنیته‌ى سه‌رمایه‌دارى وێرانى کرد ته‌نیا له‌میانه‌ى هاوژیانى ئازاد، که‌سایه‌تییه سۆسیالیستهکهى و تێکۆشانه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌ى به‌ده‌ست ده‌هێنرێته‌وه و ده‌توانین هاوبه‌شێتى تێدا بکه‌ین. له‌و پێناوه‌شدا پێویسته هه‌ر له‌منداڵیه‌وه، به‌تایبه‌تیش کیژۆڵه بچووکه‌کانمان له‌میانه‌ى زهنیه‌تى ئازادیه‌وه له دامه‌زراوه‌کانى مۆدێرنیته‌ى دیموکراتیه‌وه په‌روه‌رده بکه‌ین، لهرێگاى تێکۆشانى کۆمه‌ڵایه‌تى سۆسیالیستى دیموکراتیانه‌وه جێبه‌جێى بکه‌ین و وه‌ک شێوازى ژیانمان په‌سه‌ندى بکه‌ین، ئازادى بکه‌ین و سه‌رکه‌وتوو بین.
1 ره‌فتارى چاولێکه‌رى یان به‌دواکه‌وتن (CONFORMITY): بریتییه له ره‌فتارى که‌سێک که ده‌بینێت هه‌ندێک که‌س ره‌فتارێکى هه‌ڵه دهنونێنن، ئه‌ویش هه‌مان ره‌فتار ده‌کات، وێڕاى ئه‌وه‌ى ده‌زانێت که ره‌فتاره‌که‌یان هه‌ڵه‌یه، بۆئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ راى زۆرینه دابێت و لێیان نه‌ترازێت. (وه‌رگێڕ)